تا ئێستە زیاتر لە ٣١٠ ھەزار کەس تۆماری دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە

ڕائیب جادر – هەولێر

٢٥ی شوباتی ساڵی داھاتوو کە لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەکو وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کراوە جێگیر کراوە. فەوزی ھەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ھیچ کێشەیەکی سیاسی لە ئارادا نییە و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا دەکرێت. گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت، سێ سەد و دە ھەزار و سەد و دە دەنگدەر لە ھەرێمی کوردستان تۆماری دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە، بەوەش سێ ملیۆن و شەش سەد و چل و یەک ھەزار و پێنج سەد و شەست و شەش کەس، مافی دەنگدانیان ھەیە و دەتوانن بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

ڕۆژی پێنج شەممە ٣ـی ئابی ٢٠٢٣، دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا ڕۆژی ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٤ـی وەک ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە و سەرجەم لایەنەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئەنجامدانی ڕێکارە پێویستەکان.
بڕیار بوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ١-١٠-٢٠٢٢ بکرێت، بەڵام بەھۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی شێوازی ھەڵبژاردن و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن نەتواندرا لەو ڕۆژەدا ھەڵبژاردن بکرێت، بۆیە ٩-١٠-٢٠٢٢ لە دانیشتنێکی پەرلەماندا بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار، تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو کۆتایی ٢٠٢٣ درێژکرایەوە بۆ ئەوەی لەو ماوەیە یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە.
ڕۆژی ٣٠-٥-٢٠٢٣ دادگەی فیدراڵی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی ڕەت کردەوە، بەوەش نەتوانرا یاساکە ھەموار بکرێتەوە و دامەزراوەکان پەکخران، بڕیاردرا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەببرێت.
یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەوەبوو، سەرجەم لایەنەکانی نێو پەرلەمان جگە لە پارتی و پێکھاتەکان داوایان دەکرد ھەڵبژاردن بەشێوەی چوار بازنە بێت، بەڵام ئێستە کۆمیسیۆنی عێراق بڕیاریداوە ھەڵبژاردن بە یەک بازنە بێت.
دوای دەستنیشانکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پێشوازیی نێودەوڵەتی لە بڕیارەکە، لایەنە سیاسییەکان لە ھەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە پرۆسەکە نیشان دا، وڵاتانی جیھانیش بەگەرمی پێشوازییان لە دیاریکردنی ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان کرد و داوا لە لایەنەکان دەکەن بەیەکەوە ھەڵبژاردن سەربخەن.
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت کە لە ساڵی ٢٠١٣ ھەموارکراوەتەوە و پەرلەمانی کوردستان لە سەد کورسی گشتی و یازدە کورسی کۆتا بۆ پێکھاتەکانی تورکمان و کریستیانەکان پێکھاتووە.
خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە لە ٣٠ـی ئەیلوولی ٢٠١٨ کرا، ڕێژەی بەشداریکردن گەیشتە ٥٩% و لە کۆی ٢٩ لیستی بەشداربوو، ١٦ لیست توانییان کورسی پەرلەمانی بەڕێژەی جیاواز بەدەستبھێنن و پارتی دیموکراتی کوردستان بە ٤٥ کورسی لە پلەی یەکەم و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ٢١ کورسی لە پلەی دووەم و بزووتنەوەی گۆڕان بە ١٢ کورسی لە پلەی سێیەم ھاتن و ئەو سێ لایەنەش وەک سێ لیستی زۆرینەی پەرلەمانی کورستان، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێکھێنا.
بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی یەک بازنە دەبێت و ھەموو ئەوانەی کارتی بایۆمەترییان ھەیە و تەمەنیان لە ١٨ ساڵ زیاترە، مافی دەنگدانیان دەبێت جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانیش بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕێنمایی تایبەت بە دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکانی بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە، بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن، ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان بە یەک بازنە و بەگوێرەی یاسای ھەڵبژاردنی ژمارە ١ـی ساڵی ١٩٩٢ـی ھەمووارکراو دەبێت، ھەموو کەسێک مافی دەنگدانی دەبێت بەمەرجێک تەمەنی ١٨ ساڵ زیاتر بێت و کارتی بایۆمەتری، ڕەگەزنامە یاخود کارتی نیشتمانیی ھەبێت.
دەنگدانی تایبەت، ھێزەکانی ناوخۆ، پێشمەرگە، سوپا، کارمەندی نەخۆشخانەکان و زیندانیان ٤٨ کاتژمێر پێش دەنگدانی گشتی دەبێت و لە ناوەندە تایبەتەکان دەنگ دەدەن و پرۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانیش بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت ھەموو دەنگدەرێک مافی ئەوەی ھەیە بە ئازادی، ڕاستەوخۆ و نھێنی دەنگ بدات.
لە ڕێنمایەکانی کۆمیسیۆن ھاتووە، دەنگدان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت بە بەکارھێنانی ئامێری پشتڕاستکردنەوەی ئەلیکترۆنی کە لەسەر ئاستی وێستگەکانی دەنگدان تۆماری دەنگدەرانی تێدا ھەڵگیراوە و کارتی بایۆمەتری دەخوێنێتەوە و بەراوردکاری دەکرێت لەنێوان پەنجەمۆر و خوێندنەوەی (QR)ـی کارتی دەنگدان، ھەروەھا بەراوردی لەنێوان تۆماری کارتەکە و تۆماری ئامێرەکە، کارتەکە دەخرێتە ناو ئامێری جیاکردنەوەی و ژماردنی ئەلیکترۆنی دەنگەکان و شیکردنەوەی کارتەکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، دەنگدانی تایبەت و گشتی کاتژمێر ٧ی بەیانی بۆ ٦ی ئێوارە دەبێت و ھیچ کەسێک ناتوانێت پێش ئەو کاتە و دوای ئەوەش دەنگ بدات، بەپێچەوانەوە دەنگەکەی ڕەت دەکرێتەوە، دەبێت دەنگدەر خاوەنی ڕەگەزنامەی عێراقی بێت و ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستانی عێراق بێت.
ھەر بەپێی ئەو ڕێنماییانە، دوای تەواوبوونی دەنگدان و کۆتاییھێنان بە پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی، ھەر بەڕێوەبەری وێستگەیەکی دەنگدان، دەتوانێت ئەنجامە سەرەتاییەکان بۆ ھەڵبژاردنی تایبەت و گشتیی بڵاوبکاتەوە، دواتر کۆپییەکی ئەنجامەکانیش دەدرێتە نوێنەری حیزبە سیاسییەکان و ئەو لیست و بەربژێرانەی دەیانەوێت دەستیان بکەوێت و لەسەر دیواری ئەو وێستگەیەش ئەنجامەکان ھەڵدەواسرێت.
خالید عەباس، بەرپرسی لقی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران کە لە ١٣ـی تەمموزەوە دەستی پێکرد تاوەکو ٢٠ـی ئەیلوول بەردەوام بوو، بەرزترین ئاستی تۆماری بایۆمەتری لەسەر ئاستی عێراق لە پارێزگای دھۆک بوو، کە ڕێژەکەی زیاتر لە ٨١% بووە، ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە بەراورد بە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق، ڕێژەی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری لە پارێزگای دھۆک %٩٧ـە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتی: تا ٢٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣، سێ سەد و دە ھەزار و سەد و دە دەنگدەر لە ھەرێمی کوردستان تۆماری دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە، چل و یەک ھەزار و سێ سەد ھاووڵاتیش کە لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٥ـن بۆ جاری یەکەم ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن، ئاشکراشی کرد: لە سنووری پارێزگای ھەولێر سەد و بیست و ھەشت ھەزار و شەش سەد و بیست و دوو دەنگدەر، لە پارێزگای سلێمانی سەد و بیست و چوار ھەزار و حەوت سەد و ھەشت دەنگدەر و لە سنووری پارێزگای دھۆکیش پەنجا و شەش ھەزار و ھەشت سەد و سی دەنگدەر تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆن، زیاتر گوتی: لە پارێزگای ھەولێر یەک ملیۆن و سێ سەد و دوازدە ھەزار و شەش سەد و یەک کەس، لە پارێزگای سلێمانی، یەک ملیۆن و چوار سەد و چل و یەک ھەزار و ھەشت سەد و پەنجا و پێنج کەس و لە پارێزگای دھۆکیش ھەشت سەد و ھەشتا و حەوت ھەزار و سەد و دە کەس کە کۆی گشتیی دەکاتە سێ ملیۆن و شەش سەد و چل و یەک ھەزار و پێنج سەد و شەست و شەش کەس، مافی دەنگدانیان ھەیە و دەتوانن بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
فەوزی ھەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ھەڵبژاردن بۆ پشتگیریکردن لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان پێویستە، بۆیە پێداگرین لەسەر ئەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت و ئەگەر پێویست بێت، کۆبوونەوە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان دەکرێت.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: ٢٥ی شوباتی ساڵی داھاتوو، کە لەلایەن سەرۆکی ھەرێم وەک وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کراوە، جێگیر کراوە، لە ئێستەدا ھیچ کێشەیەکی سیاسی لە ئارادا نییە و ھەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەو وادەیە بۆ کردنی پرۆسەکە کۆکن و کۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە.
ھاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی، پێشتر ڕایگەیاندبوو: پەرلەمانی کوردستان پەکی کەوتووە و ھیچ بیانوویەک بۆ دواکەوتنی ھەڵبژاردن نییە، بۆیە دەبێت ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت، پارتی پێشتر و ئێستەش بە ئاشکرا بە لایەنەکانی ڕاگەیاندووە ئامادەن بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
گوتەبێژی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی، ڕوونیشیکردەوە: پارتی سەرکردایەتییەکی توکمەی ھەیە، بەتایبەتی بوونی سەرۆک بارزانی، کاریگەری زۆری لەسەر پێگەی پارتی ھەیە، خەڵکێکی زۆریش پابەندە بە ڕێنمایی و ڕێکارەکانی پارتی، لایەنگرێکی زۆریشی ھەیە، بۆیە پشت ئەستوورین بەوەی کە بتوانین لە ھەموو ھەڵبژاردنەکان ئەو پێگەی کە ھەمانە بپارێزین و بەرەو پێشەوەشی ببەین.