كارزان گلی – ههولێر
دەنگدەری كورد ڕۆژ بە ڕۆژ نیگەرانییەكانی بەرامبەر بە جەهەپە قووڵتر دەبێتەوە، ئەمەش كاریگەریی تەواوی لەسەر پێگەی جەهەپە دەبێت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، كە تەنیا شەش مانگی ماوە. دەنگدەری كورد، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی هیچ پێویستی نەدەكرد بەبێ بەرامبەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 14ی ئایار دەنگ بە كەمال كلیچدارئۆغڵو بدەن، چونكە ئەو هیچ حسابێكی بۆ كورد نەكرد.
چەند ڕۆژێكە پارتە توركەكان و داواكاری گشتی توركیا، دژی سەزگین تانریكلوو، پەرلەمانتاری كوردی جەهەپە لەسەر بازنەی ئامەد، هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە تا پارێزبەندی لەسەر هەڵبگرن و بیدەنە دادگا، چونكە لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی سوپای توركیا زۆر كاری نامرۆڤانەی دژی كورد كردووە، بەتایبەت هاووڵاتیی لاشەڕ و سڤیلی كورد.
جەهەپە و خودی كلیچدارئۆغڵو، پشتیان لە سەزگین كردووە و بەتەنیا بەجێیان هێشتووە، ئەو سەزگینەی دوای 21 بۆ یەكەم جار بوو توانی لە ئامەد كورسییەك بۆ جەهەپە مسۆگەر بكات، هەروەها رۆڵی هەبوو لەوەی لەو شارەدا كورد، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا دەنگ بە كلیچدارئۆغڵو بدات، بەڵام ئێستا پشتیان تێی كردووە و ئەگەر زۆرە سەزگین، بەهۆی ئەو پشتتێكردنەی جەهەپە، بخرێتە زیندانەوە.
دەنگدەری كورد، بەتایبەت شەقامی ئامەد، زۆر لە جەهەپە نیگەرانن و ئەوانەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی دەنگیان بە كلیچدارئۆغڵو داوە، دەڵێن زۆر پەشیمانین خۆزگە دەنگمان نەدایە، چونكە دەركەوت دەنگدەری كورد بەلای ئەو گرنگ نییە.
ڕەها ڕۆحاڤیئۆغڵو، لێكۆڵەر لەبارەی پرسی كورد، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”جەهەپە، پارتی خاس و ئومید ئۆزداغی خستە پێش دەنگدەری كورد، كە كورد حەساسیەتی پێیان هەیە، كەچی جەهەپە، بەپلەی یەك ئەوانی لا گرنگتر بوو و پاشان كورد، ئەمەش دەنگدەری كوردی لە جەهەپە نیگەران كردووە.“
لە توركیا، دەنگدەری كورد بە 12ملیۆن دەنگدەر دەخەمڵێنرێت، لەو رێژەیە نزیكەی شەش ملیۆن دەنگدەری هەدەپەن و پێنج ملیۆنیش دەنگدەری ئاكەپە، ئەوانی تریش بەسەر پاتەكانی تری توركیا دابەش دەبن، بەڵام لە هەموو هەڵبژاردنێكدا دەنگدەری كورد یەكلاكەرەوە بووە، كلیچدارئۆغڵوش، بەهۆی دەنگدەری كوردەوە بوو توانی دەنگەكانی بگەیەنێتە 48%، چونكە 70٪دەنگدەری هەدەپە دەنگی بە كلیچدارئۆغڵودا، بەڵام ئێستا بەشێكی زۆری ئەو دەنگدەرانە پەشیمانن.
شەقامی ئامەد، زۆر گرنگە بۆ كورد و هەدەپە، ئەگەر شەقام دژی ئەوەبێت هەدەپە جارێكی تر هاوپەیمانیی لەگەڵ جەهەپە نەبەستێت، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31_3_2024، لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا و ئەنتاڵیا، دەنگی هەدەپە بۆ جەهەپە نابێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی ئاكەپە دەبێت، چونكە ئەگەر هەدەپە، بەربژێری خۆی هەبێت و دەنگی دەنگدەرەكانی بۆ بەربژێری جەهەپە نەچێت، ئەوكات بەربژێری ئاكەپە، لەو سێ شارە بەئاسانی دەتوانن سەرۆكی شارەوانیی ببەنەوە، كە ئەمەش خەونی، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیایە.
پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، ئەگەر سەزگین تانریكلوو، پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت و بخرێتە زیندانەوە، ئەوكات دەنگدەری كورد زیاتر لە جەهەپە توڕە دەبێت، بەمەش لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا لەسەر سندوقی دەنگدان تۆڵەی لێ دەكەنەوە.