بەرپرسی لقی ٢٦ـی گوڵان: ئاشناکردنی كادیرانی پارتی بە ئاسەوارەكانی شۆڕشی ئەیلوول لە دەڤەری باڵەكایەتی بە سەردانی مەیدانی ڕێک خرا

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، خیوەتگای گەلاوێژ كە پێشنیاری لقی ٢٦ـی گوڵان بوو، بە ھەماھەنگیی مەكتەبی ڕێكخستنی ھەولێر و پشتگیریی بەشی ڕێكخستنی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوە چوو، دوای ئەنجامدانی ھەموو بڕگەكانی بە سەركەوتوویی، كۆتایی بە كارەكانی ھێنا. لەم خێوەتگایە لە بەشی ڕێكخستنی مەكتەبی سیاسی و لە ١٧ لقی كوردستان سەر بە مەكتەب ڕێكخستنەكانی ھەولێر و دھۆك و سلێمانی و مووسڵ و كەركووک و بەغدا نزیكەی ٧٠ كادیری پێشكەوتووی پارتیمان بەشدارییان كرد لەگەڵ ھەموو كادیرانی لق و ناوچەكانی لقی ٢٦. (كرمانج عێزەت) بەرپرسی لقی ٢٦ـی گوڵان بە (هەولێر)ی گوت: كۆبوونەوەی نوێنەری ئەو ھەموو لقانە لە ژێر خێوەتگەی باڵەكایەتی، واتا و بناغەی دەسپێكێكی نوێگەری دەگەیەنێ لە كاری پارتایەتیەكی مۆدێرن بۆ گونجانی لەگەڵ زەمەنی ئەمڕۆماندا كە پێویستیەكی ھەنووكەییە و ئەو خێوەتگایە دەری خست. كاری گەورە بە دیدی گەورە دەكرێ نەك بە ئیمكانیەتی گەورەی مادی و دەسەڵاتی گەورە. ئیتر ئەوە باڵەكایەتی و دید و توانای گەورەیی خەڵكەكەیەتی؛ ئەو گەورەییەی لێ دەوەشێتەوە. چوار ڕۆژ نزیك ١٨ سمیناری مەیدانی و گەڕۆك لە سەردانی شوێنەكان و مایكی كراوە بۆ بەشداریی كادیران بەڕێوە چوو. بەرپرسی لق ئاماژەی بەوەش كرد: سێ ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سێ كۆمیتەی ناوەندی و جێگرێكی كۆمیتەی ناوەندی پارتیمان، وێڕای وەزیر و ڕووناكبیر و سكرتێری لاوان و قوتابیان و نوێنەری ئافرەتان بەشدار بوون و ئاشنایی كادیران بە شوێنەوارەكانی شۆڕشی ئەیلوول لە دەڤەرەكە بە سەردانی مەیدانی ڕێک خرا و شاخەوانی و پێڕۆیشتن و ئاھەنگ، بڕوا و ئاگایی و ورەی كادرانی بۆ قۆناغی ئایەندە گەرم و گوڕ كردەوە و جوانی سروشتی باڵەكایەتی و لەخۆبوردەیی كادیرانی حزب و لاوان و قوتابیان و ئافرەتان و خانەدانی كۆمەڵگای نیودەوڵەوتی حاجی ئۆمەران و چاوكراوەیی ھێزە ئەمنیەكان بۆ پاسەوانی میوانان، دڵنیا یادگاریەكی ھێندە جوانی نەخشاند، جارێكی دیكە بایەخی باڵەكایەتیی وەبیر ھەموو كوردستان ھێنایەوە. سپاس بۆ باڵەكایەتی، بەڕاستی ئێوە گەورەن و مایەی شانازیمانن. لە كۆتایی قسەكانیشدا كرمانج عێزەت گوتی: ڕەنگدانەوەی ئەو خێوەتگایە لەمەودوا دەست پێدەكات. هێشتا شتی گەورەمان ماوە، ئەوە سەرەتای ڕێكخستنەوەی پلانی ئایندەمانە.