بڕیارێکی دیکە لەبەرژەوەندیی جوتیاران دەرکرا  

رۆژی شەممە (23ـی ئەیلوولی 2023)، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەپێناو پاڵپشتی جووتیاران و پارێزگاری لەبەروبوومە خۆماڵییەکانی هەرێمی کوردستان، دوابەدوای هەوڵەکانمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری بڕیاریدا لەسەر قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمەکانی (تەماتە و پەتاتە و شووتی) لە دەروازە و مەرزەکانی سنووری ناوەڕاست و باشووری عێراق.

وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە گرنگە وادەکات کە بەردەوامبین لەسەر هەماهەنگی و بەیەکەوە کارکردن بۆ یەکخستنی (رۆژنامەی کشتوکاڵی) لەپێناو رەخساندنی بەرژەوەندی و سوودی گشتی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

هەروەها وەزیری کشتوکاڵ داوای لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکات سوود لەم بڕیارە وەربگرن و هیوای خواستوە ببێتە مایەی کارئاسانی و ساغبونەوەی بەرهەمەکانیان و دابینکردنی پێویستیەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

بەگوێرەی نووسراوی وەزیری کشتوکاڵی عێراق بە ژمارە 978 لە رۆژی 23ـی ئەیلوولی 2023 لەلایەن عەباس جەبر مالیکی، وەزیری کشتوکاڵەوە واژۆکراوە و ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە، جەخت لەسەر بەردەوامبوون لەسەر بڕیاری راگرتنی هاوردەکردنی پەتاتە و رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری کراوەتەوە بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی تەماتە، خەیار و شووتی.

هاوکات لە نووسراوەکە ئاماژە بە رێگەپێدان بە جووڵەی گواستنەوەی بەرهەمە کشتووکاڵییە خۆماڵییەکان دەکاتەوە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و بەپێچەوانەشەوە، ئەویش بە هەڵگرتنی نووسراوی فەرمی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بڕ و شوێنی بەرهەمێنانی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بخاتەڕوو.