وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك پله‌دار و پێشمه‌رگه‌ راده‌گه‌یه‌نێت

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 21ـی ئه‌یلوولی 2023) سەرۆکایەتی ئەرکانی پێشمه‌رگه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگەیاند، بەپێی فەرمانی وەزاری ژمارە (19026)، خشتەی مانگی ئەیلوولی 2023ـی پلەبەرزکردنەوەی پلەدار و پێشمەرگەی وەزارەتی پێشمەرگە تەواو کراوە.

هه‌روه‌ها سەرۆکایەتی ئەرکانی پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، به‌پێی بڕیاره‌كه‌ و خشته‌ی مانگی ئه‌یلوول، 5969 پله‌دار و پێشمەرگە پلەیان بەرز کراوەتەوە.

هه‌ر ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 21ـی ئه‌یلوولی 2023) راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌ رایگه‌یاند، هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە.

راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەكان “ژمێریاری سەربازی”، رێكارە دارایی و ژمێرییاریەكانی ئەنجام داوه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بانكەكان ئاگادار كراونەتەوە، كە رۆژی یەكشەممە 24ـی ئه‌یلوولی 2023، مووچەی مانگی ئابی 2023ـی لیواكانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەكرێت.

رۆژی 6ـی ئابی 2023، لیوا عوسمان محه‌ممه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و هۆشیاری نیشتمانی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌،  به‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ پێشمه‌رگه‌ نه‌وه‌ستاون، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ تیمه‌كانیان به‌رده‌وام سه‌ردانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن و هاوكارییه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن.