وه‌زاره‌تی كاره‌با ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌یان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی كاره‌با بڵاو ده‌كاته‌وه‌

وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مشه‌و پێنجشه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌یان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی كاره‌بای 24 كاتژمێری بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌م داواكارییه‌یان ته‌نیا دوای ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: وەزارەتی کارەبا لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاریی خۆی، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لە یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2021/ ماددە (4)ی بڕگەی (4)ی ئەنجوومەنی وەزارەت پێی دراوە، دەتوانێت بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی هاووڵاتییان پێشنیاز لەسەر کەمکردنەوە یان زیادکردنی پاڵپشتیی حكوومەت بۆ نرخی کارەبا بکات.

ڕاشیگه‌یاند: پێشنیاز بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەکه‌ین نرخی کرێی کارەبای 24 کاتژمێریی ستییەکان و کارگەکانی پیشەسازی هەموار بکرێتەوە و بارودۆخی گوزەرانی هاووڵاتییان و کارگەکانی پیشەسازی لەبەر چاو بگیرێت.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ئەم پێشنیارانەی خوارەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەکرێتەوە و تەنیا لە کاتی وەرگرتنی رەزامەندیی، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە:-

–  پاڵپشتیی دارایی حکوومەت بۆ کرێی کارەبای ستییەکانی 24 کاتژمێری لە 156 دینارەوە بۆ 100 دینار کەم بکرێتەوە.

–  پاڵپشتیی دارایی بۆ کارەبای کەرتی پیشەسازیی (کارگەکانی چیمەنتۆ و ئاسن) لە 120 دینارەوە بۆ 90 دینار کەم بکرێتەوە و بۆ کارگەکانی دیکەش بکرێتە 100 دینار.

–  بەستنی سیستەمی پریپەید بۆ سەرجەم هاوبەشانی کارەبا بە نرخی ئێستای کارەبا بێت و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە نرخ و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەباوە نەبێت.

–  پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانی پێدانی کارەبا بکرێت.