ئەمڕۆ رێکارەکانی ناردنی پارەی مووچەخۆران تەواو دەبێت

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ رێکارەکانی ناردنی پارەی مووچەخۆران تەواو دەبێت.

شێروان دووبەردانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، راگەیاند: “ئەمڕۆ بانکەکان رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان تەواو دەکەن، دواتر دەبێ وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی بکات و پارەکە رەوان دەکرێت”.

روونیکردەوە، ئەو بڕە پارە کە لەلایەن حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق رێککەوتنی لەسەر کراوە، وەک قەرز لەلایەن، بانکی TBI، 200 ملیار و بانکی رەشید 250 ملیار و بانکی رافیدەینیش 250 ملیار بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت.

پێشتر سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، راگەیاندبوو: “بریار وایە هەتا یەکشەممەی داهاتوو بە دوو قۆناغ بڕی 700 ملیار دیناری قەرز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت و لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بەزووترین کات مووچە دابەشدەکریت”.

لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد، لەگەڵ گەیشتنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، راسته‌خۆ بێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز بکرێت.

لە کۆبوونەوەی 17/9/2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درا، کە بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار دیاریکراوە، کۆی گشتی دەکاتە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا 700 ملیار دینار لە رێگەی هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین لقی هەولێر، وەک قەرز رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەکرێت.