کورد لەگەڵ بەغدا گرفتی گەورەتر لە مووچەی هەیە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

پرسی دواخستنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسای بودجە و بڕیارە یەک لە دوای یەکەکانی بەغدا ماوەیەک بوو باڵی بەسەر زۆربەی کێشەکاندا کێشابوو و هەست دەکرا لە پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا جگە لە پرسی مووچە هیچ کێشەیەکی تر لە ئارادا نییە، بەڵام وا پێدەچێت بابەتەکە زۆر زیاتر لە قەبارەی خۆی گەورە کرابێت چونکە کێشەکانی کورد لەگەڵ بەغدا و پرسەکانی تر زۆر لەوە گەورەترن لە مووچەدا بچووک بکرێنەوە.

هەرێمی کوردستان و عێراق لە چوارچێوەی دەستووری فیدراڵی ئەرک و دەسەڵاتەکانیان دەستنیشان کراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە ٢٠ ساڵ لە ڕووخانی رژێمی بەعس و پاشان دامەزراندنی دەوڵەتی فیدراڵی تێدەپەرێت، کەچی بەشێکی گرنگ لە مادە دەستوورییەکان جێبەجێ نەکراون، هەست دەکرێ خەریکە بە شێوەیەکی پلاندارێژراو و بە سوودوەرگرتن لە بانگەشەی مێدیایی بە گەورەکردنی لەڕادەبەدەری کێشەیەک، کێشەکانی تر لەبیر دەکرێن.
وەک ئاشکرایە هەولێر و بەغدا کێشەیەکی مێژووییان لەگەڵ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەیە و کورد لە پێناوی ئەو شارەدا قوربانییەکی زۆری داوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە مادەی ١٤٠ی دەستوور بۆ چارەی ئەو کێشە دانراوە و لە ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و عێراق بۆ دامەزراندنی حکوومەتی ئێستەی عێراقی ڕەنگی داوەتەوە، کەچی باسی ئەم مادەیە ناکرێ و نەک جێبەجێ ناکرێ بگرە هەمان سیاسەتی پێش دامەزراندنی عێراقی فیدراڵیش لە دژ پێڕەو دەکرێت.
ماوەی ڕابردوو سەرەڕای ڕەزامەندیی حکوومەتی عێراق، ڕێگە بە پارتی دیموکراتی کوردستان نەدرا لە کەرکووک بارەگاکانی خۆی بکاتەوە و وەک هەنگاوێکی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەو زەمینەیە خۆش بکرێ ئەو حزبە گەورەیەی کوردستان بۆ شارەکە بگەڕێتەوە و ئامادەکاری ئەوە بکات بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە لە ١٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت، هاوشێوەی حزبەکانی تر بەشدار بێت.
دۆخەکە گەیشتە ئەوەی گرووپە میلیشیاکان ڕێگەی هەولێر کەرکووک دابخەن و خەڵکی کەرکووک بێزار بکەن. دواجار ئەو دۆخە وایکرد خەڵک خۆپێشاندان بکەن و دەسەڵاتی شارەکەش بە چەک وەڵامی دانەوە و بە شەهیدکردنی ژمارەیەک هاووڵاتی هێندەی تر دۆخی شارەکەی ئاڵۆز کرد. لەو لاوە دادگای باڵای فیدراڵیش راسپێردرا بۆ ئەوەی پرسی ڕادەستکردنی بارەگاکە هەڵپەسێرێت.
جگە لە کەرکووک، کێشەی شنگال و پێشمەرگە و یاسای نەوت و گاز و دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی هەرێمی کوردستان و جینۆسایدی ئێزدییەکان و قەرەبووی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و دەیان کێشەی تر، لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن کە ناکرێ پشتگوێ بخرێن و پرسی مێژووی کورد و چارەنووسەکەی تەنیا بە ناردن و نەناردنی مووچە بچووک بکرێتەوە. لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش خولی پەرلەمان کۆتایی هاتووە و هەڵبژاردن یەکێک لەو پرسانەیە کە دەبێ هەنگاوی بۆ بنرێت و چیتر لە کاتی دیاریکراو دوا نەکەوێت.
زۆربەی مێدیاکانی کوردستان ئاگایانە یان نائاگایانە کەوتوونەتە داوی ئەو سیاسەتانەی لە دژی هەرێم بۆ پشتگوێخستن و بیربردنەوەی پرسە گرینگە مێژووییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسە هەنووکەییەکان جێبەجێ دەکرێن. لە ماوەی ڕابردوودا دۆخێکی زۆر ناسەقامگیر و ناتەندروست بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست کرا و مێدیا هەبووە زۆربەی هەواڵەکانی تەنیا لەسەر هاتن و نەهاتنی مووچە و پشکی دارایی بووە و بە یەکەوە تەواوی پەیج و تەلەڤزیۆن و ماڵپەڕ و مێدیاکان قسەیان لەسەر یەک بابەت کردووە. مێدیا هەبووە هەواڵی بەپەلەی دابەشکردنی مووچەی وڵاتێکی تری وەک موژدە بڵاو کردووەتەوە و گاڵتەی بە هەست و شعووری خەڵکی کوردستان کردووە.
دوای سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە کەمتر بوو لە ئاستی ئەو داواکاری و چاوەڕوانییانەی لە لایەن شاندی هەرێمی کوردستانەوە خرابوونە روو، ئەو کێشەیە چارەی کاتیی بۆ دۆزراوەتەوە و حەق وایە مێدیاکانی کوردستان و نوێنەر و کاربەدەستانیش بە خۆیاندا بچنەوە و ئاوڕێکیش لە پرسەکانی تر بدەنەوە.