هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەتوانێت چارەنووسی کوردانی کەرکووک بگۆڕێت

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

پارێزگای کەرکووک، یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە جگە لە پشکی تایبەتی خۆی لە بودجەی عێراق، ساڵانە داهاتی پترۆدۆلاری هەیە ئەمساڵ، ئەو داهاتە بۆ زیاتر لە سەد و یەک ملیار دینار زیادیکردووە. کەچی هێشتا خەڵکی کەرکووک لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکان بێ بەشن و کۆڵان و خاشاکی سەر شەقامەکان بە شارێک دەچێت کە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی نەبێت و هیچ خەرجییەکی سالانەشی بۆ دابین نەکرابێت. ئەمە جگە لەوەی لە سەرجەم کەرتەکان لە دواکەوتندایە و کەرتی تەندروستی شارەکە لە ئەزمەیەکی قووڵدایە

ماددەی ١٤٠ وەک چارەی بنەڕەتی
پارتی دیموکراتی کوردستان، لەماوەی ڕابردوو و ئێستاش پرسی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی کردۆتە بنەمای یەکەمین و سەرەکیی گفتوگۆکان لە سەردان و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق، گرنگترین ئەو پایە بنەڕەتیانەی کە پارتی ھەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی دەدا، ماددەی ١٤٠ و کارپێکردنێتی بە ڕێزگرتنی بڕی ئازادیەكانی خەڵك‌ و مافەكانی هاووڵاتیان، کە ئەو ماددەیە لەسەر شاڕێگەی دیموكراسی، ڕادەی گەشەكردنی سیاسی‌ و ئاشتی نێوان ئاین ‌و ئاینزاكان‌ و گروپە جیاوازە كۆمەڵایەتیەكان بەرز دەكاتەوە ‌و زەمینەی كۆمەڵگەیەكی پێشکەوتو و پێگەشتوو لە شاری کەرکوک دەڕەخسێنێت کە تا ئێستا بەھۆی پشتگوێخستنی داواکارییەکانی کورد لە شارەکە کە زۆرینەیە، ئەم ئامانجانە نەھاتوونە دی.
بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەبووە لەپێناو ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە زۆرجار قوربانی بە پێگە و نفوسی خۆشی بدات، بەڵام ئامادە نەبووە دەست لە هەوڵەکانی هەڵگرێت بۆ زیندوو کردنەوەی لیژنەی ماددەی ١٤٠ کە ئێستا حکوومەتی عێراق ئەو بەڵێنەی داوە و جێبەجێ کردنی وەک دەیان ڕێککەوتنی دیکە پشتگوێ خراوە.
ڕوانگەی پارتی بۆ کەرکووک
ئەوەی لە کەرکووک هەڵویستی پارتی لە لایەنەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە؛ پارتی دیموکراتی کوردستان ملکەچی هیچ بڕیارێک نابێت کە لە ئاکامدا بە زیانی نەتەوەی کورد لە شارەکە تەواو بێت. ئەو هەڵویست و بنەمایەش کە پارتی لەبارەی کەرکووکەوە هەیەتی بڕیاری مستەفای بارزانییە. ڕوانگەی پارتی بۆ کەرکووک، وەک سەرۆک بارزانی لە پێشوازی کەسوکاری شەهید و بریندارانی ڕووداوەکەی ٢ی ئەیلوولی کەرکووک خستیەڕوو، بەردەوامبوونی ئەو دۆخە ناسرووشتییەی لە كەركووك هەیە مانای ئەوە نییە كە دەستبەرداری ناسنامەی كەركووك دەبین چونكە كەركووك بۆ هەموو تاكێكی كورد ڕەمزێكی گەورەیە. سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە كەركووك دەبێت بۆ هەمووان بێت و ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی و ئەو گرفتانەی كە ئێستا لە ئارادان بە خۆسەپاندن و توندوتیژی چارە ناكرێت بەڵكو دەبێ بۆ چارەی كێشەكان زمانی عەقل و مەنتق بەكار بهێندرێت.
پێشتریش، سەرۆک بارزانی لە پێشوازی نوێنەرانی پێكهاتەكانی پارێزگای كەركووك، جەختی لەوە كردەوە كە كەركووك شاری پێكەوەژیان و برایەتییە و پێویستە هەموو لایەك لە ئیدارەدان و بنیاتنانی داهاتووی ئەو شارە بەشدار بن و، بە پێویستیشی زانی كێشە و گرفتەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و بە گوێرەی یاسا و دەستوور چارە بكرێن.

فەرامۆش کردنی گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک
لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقدا، پشکی کەرکووک چوارسەد و بیست و یەک ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە و بودجەی پترۆدۆلاریش لە سی و پێنج ملیارەوه‌ بۆ سەد و یەک ملیار دینار زیادی کردووە، بەڵام ئاستی خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەکە هاووڵاتیان لە ئێستاوە لە خەمی ئەوەن وەرزی زستان لەناو ئەو هەموو گۆم و چڵپاوەدا چۆنی دەگوزرەرێنن؟ لە هەموو ئەو بودجە تەرخانکراوانەی ساڵانی ڕابردوو، نەتوانراوە شەقامێکی قیڕ یان کۆنکرێت بگەیەندرێتە گەڕەکی ده‌روازه‌ و دانیشتووانەکەشی لەدەست قوڕ و لیتەی ئەم شه‌قامه‌ ڕزگار بکرێن.
ئەمە بەشێوەیەکی گشتی بارودۆخی شارەکەیە، بەلام لێرەش شارە کوردییەکان ساڵانێکە بە ئاشکرا جیاوازییان بەرامبەر دەکرێت و بە بەراورد بە گەڕەکە تورکمان و عەرەب نشینەکان هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکیان نییە، تەنانەت دەگاتە ئەوەی خۆیان خۆڵ و خاشاکی ماڵەکانیان بگوازنەوە و لە جێگایەکی دوور ڕۆی بکەن.

گرنگی هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە کەرکووک
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پاریزگاکان ساڵانێکی زۆرە بەڕێوە نەچووە و ئەم هەڵبژاردنە لە پارێزگای کەرکووک گرنگییەکی تایبەتیی خۆی هەیە، لایەنە کورییەکانیش لەم هەڵبژاردنە ئەگەرچی بە لیستی جیاواز بەشدارن، بەڵام وا چاوەڕوان دەکرێت لەکۆتاییدا پێکەوە و بە یەکڕیزی داکۆکی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی کوردی ئەو شارە بکەن.
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ساڵانێکە وەک هەڵویست وەرگرتن دژی داگیرکردنی بارەگاکانی و ئەو زوڵم و نایاساییەی لەوشارە دەکرێت لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پارێزگاکەی جێهێشتووە و ئیستا پێدەچێت حزبی دڵخوازی کوردانی شارەکە بێت و لەم هەڵبژاردنەش ژمارەی لیستەکەی ژمارە ١٩٧ دەبێت و ٣٠ کاندیدیشی دەبێت لە پاریزگای کەرکووک، هاوکات لە پارێزگاکانی نەینەوا و دیالەش بەشداری دەکات.
بەپێی وتەی بەرپرسانی حزبی شارەکە گرنگی ئەم هەڵبژاردنە بۆ کورد لەوەدایە، بتوانێت لە ڕێگای زۆرینەی ئەندامانی لە ئونجوومەنی پارێزگاکەوە پۆستی پاریزگاری کەرکووک جارێکی دیکە بکەوێتەوە دەستی کوردێک کە ماف و پشکی کوردە وەک زۆرینەی شارەکە، گرنگیەکی دیکەش لەوەدایە بتوانێت بەهۆی ئەم هەڵبژاردنەوە ئەو ئامارانە بسەلمێنێت کە بەڵگەن بۆ ئەوەی کورد لەو شارە زۆرینەی ڕەهایە و هەوڵەکان بۆ تەعریب کردنی شارەکە سەر نەگرێت و بنبڕ بکرێت.