لە هەولێر کەسێک بە تۆمەتی “یاریکردن بە قومار” دەستگیرکرا

ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی هاووڵاتییەک بە تۆمەتی “یارکردن بە قومار لە جۆرەکانی (دۆمبەلە، بەنکۆ و پۆکەر) بە شێوەی ئۆنلاین” رادەگەیەنێت و دەڵێت، “دۆسییەی یاسایی بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی دادگا کراوە”.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لەسەر فەرمانی دادوەر، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانی لە لایەن هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووری، توانرا هاووڵاتییەک بە تۆمەتی “یاریکردن بە قومار” دەستگیر بکرێت.

دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە دوای وەرگرتنی زانیاری و بەدواداچوونی وورد بووە. بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، هاووڵاتییەکە ناوی (م.م.ج)ـە،  بەڕەگەز عەرەبە و دانیشتووی شاری هەولێرە؛ “تۆمەتبارە بە یاریکردنی قومار لە جۆرەکانی (دۆمبەلە، بەنکۆ و پۆکەر) کە بە شێوەی ئۆنلاین لە ماڵەکەی خۆیدا ئەنجامیداوە”.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “گشت ئەو کەلوپەلانەی کە بۆ ئەو مەبەستە بەکاری هێناون، دەستی بەسەردا گیراوە و، تۆمەتبار دۆسییەی یاسایی بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی دادگا کراوە”.