کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕووی لە گەشەسەندنە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا بە هەوراز و نشێو و کۆمەڵێک قۆناغی سەختدا تێپەڕیوە و تووشی وێرانکاریی گەورە بووە، بەڵام لانی کەم لە دەیەی ڕابردوودا ژیاوەتەوە و گوندەکان ئاوەدان بوونەتەوە و بەو هۆیەوە بەرهەمی خۆماڵیش زیادی کردووە. کردنەوەی شەشەم پێشانگەی نێودەوڵەتیی بۆ کشتوکاڵ و خۆراک کە دوێنێ سێشەم لە هەولێر بە بەشداری سەدان کۆمپانیا لە ١٩ وڵاتی جیهان دەستی پێکرد دەرفەتێکی ترە لەبەردەم کۆمپانیا ناوخۆییەکان و جووتیاران و وەبەرهێنەران بۆ ئەوەی هەناسەیەکی تر بە کەرتەکە ببەخشن کە ئاسایشی خۆراکی کوردستان دابین دەکات.

هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو کەشوهەوا لەبار و ئەو خاکە بە پیت و ئەو ئاوە پاکەی هەیەتی لە ڕابردوودا یەکێک بووە لەو ناوچانەی بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچەکە دابین کردووە، سیاسەتی دەیان ساڵەی وێرانکردنی گوندەکان و ڕاگواستن و لەناوبردنی کێڵگە کشتوکاڵییەکان لە لایەن ڕژێمی بەعس و جەنگە یەک لە دوای یەکەکان و بەردەوامیدان بە دوژمنکارییەکان لە دژی گەلی کورد، زیانێکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان گەیاندووە. ئەو کەرتە لانی کەم لە دوو دەیەی ڕابردوودا ڕووی لە گەشانەوە کردووە و هەرچەندە خێرایی گەشەسەندنەکە زۆر بەرچاو نەبووە و هەمووی چەند ساڵێکە بووەتە پلانی ستراتیجیی حکوومەت بۆ گەشەپێدانی ئابووری کوردستان بەڵام دیسان زۆر پڕبایەخە و ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر هەست بە بەهێزبوونی پێگەی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی کشتوکاڵیی هەرێم لەمساڵدا بەراورد بە ١٥ ساڵ لەمەوبەر بکرێت جیاوازییەکە زۆر بەرچاوە، ئەوکات ئەگەر سەردانێکی مارکێت و مۆڵەکان و بازاڕەکانی کوردستانت کردبا، جگە لە بەرهەمی دەرەکیی ئێران و تورکیا و وڵاتی تر هیچ بەرهەمێکی ناوخۆییت نەدەدیت، بەڵام ئێستا لە مۆڵ و مارکێتەکان کەم نین ئەو بەرهەمانەی خۆماڵین و بەشێکی تایبەتییان بۆ تەرخان کراوە و لە برنج و پەنیر و ماستەوە بگرە تا دەگاتە میوە و هەنگوین و هەنار و ترێ و کونجی چەندین بەرهەمی تر خراونەتە ڕوو و لە لایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی باشیان لێ دەکرێت.
پەرەسەندنی پیشەسازیی خۆراک لە چەند ساڵی ڕابردوودا جووتیارانی کوردستانی هان داوە بۆ ئەوەی لە شارەوە بۆ گوند کۆچ دەست پێ بکەن بە پێچەوانەی پێشووەوە و گوندەکانیان زیاتر ئاوەدان بکەنەوە. ساڵانی پێشتر بەشێکی زۆر لەو گەنمەی بەرهەم دەهات لە دەستی جووتیاراندا دەمایەوە و بەڵام هەرچەندە ئەمساڵ حکوومەتی عێراق تەنیا نیو ملیۆن تۆن گەنمی لە جووتیاران کڕیەوە بەڵام چەند هێندەی تر گەنمی بەرهەم هێنا و هەمووش لە بازاڕ ساغ کرایەوە و هۆکارەکەش ئەو سایلۆ و کارگانە بوون کە لە کوردستان بنیات نراون و بەرهەمی گەنم بۆ جۆرەکانی تری خۆراک دەگۆڕن.

هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی گەنمدا بە خۆبژێوی گەیشتووە و پەتاتەش لە سەرووی پێداویستییەکان بەرهەم دەهێنێت و تەنانەت هەناردەی دەرەوەی دەکات، ژمارەی دارەکانی زەیتوون کە پێش ٢٠ ساڵ نەدەگەیشتە سەدان دار ئێستا گەیشتووەتە سەدان هەزار و لەپاڵ بەرهەمهێنانی زەیتوون بەرهەمهێنانی ڕۆنی زەیتوون و سابوون و خەڵووزی زەیتوون پەرەی سەندووە. کارگەکانی ئاوی تەماتە دووبارە بەگەڕ خراون و بەشێکی زۆر لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە ناو زەرفی تایبەتیدا یان بە شێوەی قوتووبەند و زۆر سەردەمیانە ئامادە دەکرێن و دەخرێنە بازاڕەوە.
دوێنێ سێشەم لە هەولێری پایتەخت شەشەم پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کشتوکاڵ و خۆراک کرایەوە کە بە بەشداری ٢٢٤ کۆمپانیا لە ١٩ وڵاتی دنیا بەڕێوە دەچێت و ئەم پێشانگەیەش دەرفەتێکی لەبارە بۆ جووتیاران و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ بۆ ئەوەی بتوانن سوودی لێ وەربگرن و لەگەڵ سەردەمیانەترین جۆرەکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازی خۆراک ئاشنا بن.
کۆمپانیاکانی بەشداربوو لەم پێشانگەیە چ لە دابینکردنی بەرهەمە جیاوازەکانی کشتوکاڵ، چ لە بواری پیشەسازی خۆراک و دابینکردنی ئامێرەکانی پیشەسازی، بە ئامانجی گەشەپێدانی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بەشدارییان کردووە.

یەکێک لە گرنگترین بەرنامەکانی حکوومەت بریتی بووە لە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و لە چەندان بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە خۆبژێوی گەیشتووە و لەپاڵ زیادبوونی بەرهەم و تەنانەت هەناردەکردنی بۆ دەرەوەی وڵات، لە ناوخۆش پەرە بە پیشەسازیی خۆراک دراوە و کاتی ئەوە هاتووە پەرەی زیاتری پێ بدرێت چونکە کشتوکاڵ بە بناغەی پێشکەوتن و سەربەخۆیی ئابووری و ئاسایشی خۆراک هەژمار دەکرێت.