وه‌زیری كشتوكاڵ: وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق پابه‌ند نابێت به‌ پاڵپشتیی به‌رهه‌می ناوخۆ

چواس خالید – هەولێر

جووتیارانی به‌رهه‌می ته‌ماته‌ له‌به‌ر ساغنه‌بوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان و ڕانه‌گرتنی هاورده‌ ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو كه‌ ساڵانه،‌ وه‌ك پاڵپشتی له‌ كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می ناوخۆ، گومرگی هاوردە بەرز دەكاته‌وه‌، بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری ده‌ڵێ: وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق پابه‌ند نابێت. ته‌ماته‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ پێویستییه‌كانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك و ڕۆژانه‌ به‌ده‌گمه‌ن ماڵ هه‌یه‌ كیلۆیه‌كی لێ گل نه‌داته‌وه‌. له‌ كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می ته‌ماته‌، هه‌مووی به‌جارێك ده‌هێنرێته‌ بازاڕه‌كان، ته‌ماته‌ كه‌ هه‌ر ڕۆژێك له‌به‌ر گه‌رما و له‌نێو ئه‌و پلاستیكانه‌ خۆ ده‌گرێت، جووتیاران ناچارده‌بن به‌ هه‌ر نرخێك بێت ساغی بكه‌نه‌وه‌. ئه‌و ڕێژه‌ زۆره‌ی كه‌ له‌ كاتی پێگه‌یشتنی ده‌هێنرێته‌ بازاڕه‌كان و بازاڕه‌كانی ناوخۆ بۆی هه‌زم ناكرێت، نرخه‌كه‌ی داده‌به‌زێنێت و بوونی به‌رهه‌می هاورده‌یش ڕه‌نجی جووتیاران به‌ با ده‌دات. هه‌ر ئه‌وه‌ وه‌ك ده‌ڕبڕینی ناڕه‌زایی، ماوه‌ی دوو ڕۆژه‌ جووتیارانی پێنجوێنی هێاوه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و هاواری ڕه‌نج به‌خه‌ساربوون ده‌كه‌ن. وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ساڵانه‌ وه‌ك پاڵپشتی كردنی جوتیاران، لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ، گومرگی هاوردەی ئەو بەرهەمە به‌رز ده‌كاته‌وه‌، به‌وه‌ش ڕێگری له‌ به‌رهه‌می هاورده‌ ده‌كرێت، به‌ڵام حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ سه‌ر باری ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كشتوڵی هه‌رێمی كوردستان، گوێ به‌و بڕیاره‌ نادات و له‌ سنووره‌كانییه‌وه‌ به‌ لێشاو به‌رهه‌مه‌كان هاورده‌ ده‌كرێت. به‌ پێی زانیارییه‌كان، به‌ مه‌به‌ستی یه‌كخستنی ڕۆژمێری كشتوكاڵی و پارێزگاریكردن له‌ به‌رهه‌می ناوخۆ، له‌ ١٥ی ئابی ٢٠٢٣ه‌وه‌، ڕێككه‌وتن له‌نێوان وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراقی فیدراڵ له‌مه‌ڕ پابه‌ند بوون به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی باج له‌ كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می ناوخۆ كراوه‌، به‌ڵام عێراقی فیدراڵ پابه‌ند نابێت. له‌ لێدوانێكیدا بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ده‌ڵێ: له‌گه‌ڵ به‌غداد له‌سه‌ر خه‌تین بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی جووتیاران، به‌داخه‌ه‌وه‌ ئه‌وه‌ی پابه‌ند نابێت به‌ ڕۆژمێری كشتوكاڵی، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراقه،‌ له‌گه‌ڵ فوئاد حوسێن سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌ی ئابووری عێراق و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ت كردووه‌، چۆن ئێمه‌ پابه‌ند ده‌بین، ده‌بێ ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه‌ پابه‌ند بن بۆ پاراستنی مافی جووتیاران و به‌رهه‌می ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان. وه‌زیری كشتوكاڵ هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق پابه‌ند نه‌بوون و له‌به‌ر پارێزگاریكردن له‌ به‌رهه‌می ناخۆییمان، بڕیارمانداوه‌ هاتنی به‌رهه‌م له‌و بازگانه‌ قه‌ده‌غه‌ بكه‌ین، كه‌ له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی عێراقه‌وه‌ به‌رهه‌می وڵاتان دێته‌ ناو بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. حكوومه‌تی هه‌رێی كوردستان ڕژدانە‌ كار له‌ بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی كشتوكاڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات و له‌ ماوه‌ی ڕابردوو كه‌ گرفتی به‌ بازاڕكردنی به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كان، گرفتی هه‌ره‌ گه‌وری به‌ر ده‌م جووتیاران بوو، به‌ هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌مه‌كان و په‌یداكردنی بازاڕی جیهانی بۆ به‌رهه‌می ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، جووتیارانی تا ڕاده‌یه‌ك ئه‌رخه‌یان كرد. ساڵانه‌ له‌ سه‌ره‌تاكانی مانگی پێنجه‌وه‌ تۆوی ته‌ماته‌ به‌ زه‌ویدا ده‌كرێت، جووتیاران به‌هیوای ئه‌وه‌ی به‌خت یاوه‌ریان بێت و ڕه‌نج به‌خه‌سار نه‌بن، چی وزه‌ و توانای خۆیان و ماڵ و منداڵیان هه‌یه‌ ده‌یخه‌نه‌ سه‌ریه‌ك و چه‌ندین مانگ له‌ پێگه‌یاندنی به‌رهه‌مه‌كه‌دا ئاره‌ق ده‌ڕێژن، ئه‌مساڵ پابه‌ند نه‌بوون و بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ خه‌ریكه‌ جووتیاران ڕه‌نج به‌ خه‌سار ده‌كات.