باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت ده‌كات

ئه‌لینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (تویته‌ری پێشوو)، نووسیوویه‌تی: “ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی ده‌كه‌ین، جه‌خت له‌ رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ دوو فاكته‌ری پێویستن بۆ ئاسایش و سه‌قامگیری ئه‌و وڵاته‌”.

رۆمانۆوسكی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌كه‌ین، كه‌ خۆشه‌ویستانیان به‌هۆی ئه‌م هێرشه‌وه‌ له‌ده‌ستدا”.

هه‌ر ئه‌مڕۆش سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی، پەیامێکی لەبارەی رووداوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت بڵاوکردەوە.

سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد: “پێویستە بە زووترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکوڵینەوەیەکی ورد لە هۆکار و چۆنیەتی ئەم ڕووداوە بکەن و ڕاستیەکان ئاشکرا بکرێن”.

مەسرور بارزانی، راشیگەیاندبوو: “سەرکۆنەی هەر جۆرە پێشێلکردنێکی سەروەریی خاکی کوردستان و عێراق و هەموو کارێکی نایاسایی دەکەین کە دەبێتە هۆی شێواندنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان”.

دوانیوه‌ڕۆی رۆژی دووشه‌ممه‌ 18ـی ئه‌یلوولی 2023، فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی بۆردوومانكرا بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی حه‌وت كه‌س و برینداربوونی ژماره‌یه‌ك كه‌سی دیكه‌.