سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وەزیرى دارایی حکوومەتی هەرێم:پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق لە 5% کەمترە

ئاوات جەناب نووری، وەزیرى دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت: بە پێی تێچوونی کردەیی، پشکی هەرێم لە بودجەى عێراقدا لە 5% کەمترە.
وەزیری دارایی لە میانی پێشوازی لە شاندێکی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ڕایگەیاند: ئامانجی سەرەکییان چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران بووە. گوتیشی: زۆربەی هێزە سیاسییەکانی عێراق هاوڕا بوون کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە کێشەی سیاسی نەکرێت، ئەوەش بە هەموارکردنەوەی بەشێک لە بڕگە و ماددەکانی یاسای بودجە و دەرکردنی مووچە لە خەرجیی کردەیی مانگانە دەکرێت.
کونسوڵی ئەمەریکا، جەختی لەوە کردەوە هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ تا پەیوەندییەکی تەندروست لە نێوان هەرێم و بەغدا لە سەر بنەمای دەستوور هەبێت و جەختیشی کردەوە یەکڕیزی و تەباییی ناوماڵی کورد گەرەنتیی پاراستی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی مافەکانیەتی.
ئاوات جەناب نووری ڕایگەیاند: لە جێبەجێکردنی یاسای بودجەدا حکومەتی ناوەندی بە دوو پێوانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات و لە بابەتی خەرجیدا خەرجییەکانی هەرێم لەگەڵ خەرجیی پانزە پارێزگاکەی عێراق هەژمار ناکات و لە بابەتی داهاتی نانەوتیشدا کار بە یاسای ئیدارەدانی دارایی ناکات کە لە یاسای بودجەدا ئاماژەی پێ کراوە و دەبێت لە 50% داهاتەکە بۆ هەرێم بێت، بەڵام داوای 100% ی داهاتەکە دەکەن، هاوکات بە پێی خەرجی کردەییش پشکی هەرێم ئەوەندە کەم کراوەتەوە کە لە 5% تێپەڕ ناکات.