دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

خەلیل غازی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق:زۆربەی لایەنەکانی عێراق لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە هاوڕان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەو یەکڕیزییەی لە بەغدا ھەبوو ئومێدی بەخشی بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و پارتییش لەگەڵ یەکڕیزییە و دەڵێ: ئەگەر بۆچوونی جیاوازیش ھەبێت، بەڵام پێویستە لە پرسە نیشتمانییەکان ھەموو لایەنەکان یەکڕیز و یەکگرتوو بن. ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: سەردانی شاندی باڵای حکوومەت بۆ بەغدا لە کاتێکی گرنگدا بوو، ھەموو لایەنە عێراقییەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئەم شێوازەی بودجە، نەک بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ تەواوی عێراق ناگونجێت، بۆیە زۆربەی لایەنەکانی عێراق لەسەر ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە ھاوڕان.

دوای ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا و پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند بووە بە جێبەجێکردنی ھەموو خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنەکە، بەتایبەتی ڕادەستکردنی نەوت بە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوە بە شایەتی وەزارەتی نەوتی عێراقیش ھەرێم پابەندی ڕادەستکردنی نەوت بووە، ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە ھاوشێوەی حکوومەتی ھەرێم پابەندی جێبەجێکردنی ڕێککەوتن و یاسای بودجە بێت، چونکە تا ھەردوولا پابەند نەبن کێشەکان چارە ناکرێن، بەپێی یاسای بودجە پشکی ھەرێمی کوردستان دیاری کراوە، ناشکرێت پرسی مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی ھیچ پرسێکی دیکە بکرێت.
ڕۆژی پێنج شەممە ١٤ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣، شاندێکی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکوومەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد.
بەرەبەیانی ڕۆژی ھەینی ١٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی سەردانەکەی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردە سیاسییەکان ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوە کرد، سەردانەکەیان بۆ داکۆکیکردن بوو لە ماف و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان، ھاوکات سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی کرد بۆ ئەو یەکڕیزییەی بەرامبەر بە ماف و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان نیشانیاندا.
بەگوتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دوو پێشنیازیان بۆ چارەکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو، یەکێکیان درێژخایەن و ئەوی دیکەشیان کورتخایەنە.
پێشنیازە درێژخایەنەکە وەکو ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ دا،‌ پەیوەستە بە یاسای بودجە و ھەمواری بەشێک لە ماددە و بڕگەکانی، کە ئەمە کاتی زۆرتری پێویستە و لە داھاتوودا قسەی لەسەر دەکەن، ھیواشی خواست ئەو ھەوڵانە ببنە بڕیار و خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە مافەکانیان بگەن.
بەرپرسانی پارتی، دەڵێن: ھێزی کورد لە یەکڕیزدایە ئەو یەکڕیزییە پێویستە لە ھەرێمی کوردستان و لە بەغداش پارێزگاری لێ بکرێت بەرامبەر بە وڵاتان و حکوومەتی فیدراڵی، ئەرکی ھەموو لایەنەکانە لە پرسە نیشتمانییەکان یەکگرتووبن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان.
سیھاد نەوزاد، مامۆستای زانکۆ، دەڵێت: سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێم بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بووە ھۆی سفرکردنەوەی کێشەکان و گەیشتن بە سەرەداوەکانی چارەکردنی ئەو کێشانەی لەنێوان ھەردوولادا ھەبووە.
سەبارەت بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی ھێز و فراکسیۆنە کوردستانییەکان، دەڵێ: ئەو یەکڕیزییە وای نیشان دا ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بە جیاوازی بیروبۆچوونی سیاسییان، بەڵام بەرامبەر بە ماف و شایستەکان ھەمووان یەک دەنگن و بەرگری لە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و مافەکانیان دەکەن.
جەخت لەوەش دەکاتەوە: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییەکانی خۆی لە یاسای بودجەدا جێبەجێ کردوون و ئێستە ھیچ بیانوویەک بەدەست حکوومەتی عێراقەوە نەماوە بۆ ڕەوانەکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، سەردانی شاندنی باڵای حکوومەت بۆ بەغدا ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ چارەکردنی کێشە ھەڵپەسێدراوەکانی نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ھەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو و کاردانەوەیەکی زۆری ھەبوو لەسەر ھەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق، لەبەر ئەوەی ھەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق تێدەگەن، بڕیارەکانی حکوومەت بە ئاراستەی تێکچوونی دۆخی سیاسی و ئاسایشی عێراقە، سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ئەو زوڵمەی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بەتایبەتی سیاسەتی برسیکردنی ھاووڵاتییان قەبووڵ ناکات، بۆیە زۆر بە ھەستیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دۆسیەکەیان کرد، ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو یەکڕیزی ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بوو لە بەغدا کە وایکرد لایەنە عێراقییەکان بە جیاواز لەم سەردانە بڕوانن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: ھەموو لایەنە عێراقییەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئەم شێوازەی بودجە، نەک بۆ ھەرێمی کوردستان بەڵکو بۆ تەواوی عێراق ناگونجێت، چونکە تاکو ئێستە ھیچ پڕۆژەیەک لەسەر بودجە جێبەجێ نەکراوە، چەند وەزارەتێکی حکوومەتی عێراق گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی پێویستە چەند ماددەیەکی بودجە گۆڕانکاریان بەسەردا بکرێت و ڕاست بکرێنەوە.