دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

پارتی لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا و دیالە، لیستی دەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لیستی ١٩٧ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەر سێ پارێزگای کەرکووک، مووسڵ و دیالە بەشداری ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات. ڕێگەپێدراوی لیستی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: ئامادەکاری باشمان بۆ ھەڵبژاردن کردووە و نەبوونی بارەگا بۆ ئێمە نابێتە لەمپەر، خەڵکی کەرکووک ھیوایان لەسەر پارتی ھەڵچنیوە.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، تیروپشکی بۆ ژمارەی لیست و پارت و کاندیدە سەربەخۆکانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کردوو و پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارەی ١٩٧ی بەرکەوت، کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت ھەزار و ھەشت بنکەی دەنگدان کە چل و حەوت ھەزار و شەش سەد و پەنجاوپێنج وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.
لە پارێزگای کەرکووک ژمارەیەک ھاوپەیمانی کێبڕکێ دەکەن لەسەر پازدە کورسیی ئەنجوومەنەکە و کورد بۆ ئەم ھەڵبژاردنە، بە چەند لیست و ھاوپەیمانییەکی جیاواز بەشداری دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا و دیالە، لیستی دەبێت و بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە ئەمە یەکەم ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگایە لە شاری کەرکووک بکرێت.
ڕۆژی ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێجگە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و لەو ھەڵبژاردنەدا، بیست و سێ ملیۆن و سێ سەد و شەست و حەوت ھەزار و ھەشتاو یەک کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.
لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە ٤ـی ساڵی ٢٠٢٣ کە تایبەتە بە ھەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە ١٢ـی ساڵی ٢٠١٨، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە چل و نۆ کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە بیست و شەش کورسی و پارێزگای بەسرەش بیست و دوو کورسی ھەیە، بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی ھەر پازدە پارێزگاکە بریتییە لە دوو سەد و حەفتاو پێنج کورسی و حەفتاو پێنج کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.
بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناو و لۆگۆی خۆی بەشداری دەکات و لیستەکەشی لە سی کەسایەتی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی کەرکووک پێکدێت.
لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥ـدا، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک بە لیستی برایەتی کەرکووک، بەشدارییان لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد و بیست و شەش کورسی لە کۆی چل و یەک کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستھێنا وەک لیستی یەکەم لە کەرکووک.
لە کۆتایی مانگی ڕابردوو و سەرەتای ئەم مانگە، ژمارەیەک تورکمان و عەرەبی ھاوردەکراو لە دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، ڕێگەی سەرەکی کەرکووک و ھەولێریان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ داخست، لە بەرانبەریشدا کوردانی کەرکووک وەک ھەوڵێک بۆ کردنەوەی ئەو ڕێگایە خۆپیشاندانێکیان سازکرد، بەڵام لەلایەن خۆپیشاندەرانی عەرەب و ھێزەکانی سوپا دەستڕێژی گوللـەیان لێکرا و لە ئەنجامدا ٤ گەنجی کورد شەھید و ١٦ی دیکەش بریندار بوون، دوای ئەو ڕووداوانەش ژمارەیەکی زۆری ھێزی عێراقی لە گەڕەکە کوردییەکان بڵاوەیانپێکرا و دۆخێکی عەسکەرتارییان لەو گەڕەکانە خوڵقاند.
لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧، جگە لە داگیرکردنی خاکی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، تەنیا لە پارێزگای کەرکووک ١٤٣ پۆستی ئیداری و ئەمنی لە کورد وەرگیراونەتەوە، ئەو کێشانەی کە لە کەرکووک دروست دەکرێن ھاووڵاتیانی کورد دەڵێن، پلانیان بۆ داڕێژراوە، بۆیە داوا دەکرێت گۆڕانکاری لە پۆستە ئیداری و ئەمنییەکانی کەرکووک بکرێت.
سامان ڕەشید، ڕێگەپێدراوی لیستی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتی: ئەنجامی باش بەدەست دەھێنین، ئەم ھەڵبژاردنە بۆ ئێمە چارەنووسسازە، دەبێت کوردستانیانی ئەم شارە بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری ئەم ھەڵبژاردنە بکەن.
ڕێگەپێدراوی لیستی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەشڵێ: ڕاستە ھەبوونی بارەگا گرنگە، بەڵام لەبەرامبەر نەبوونیشی، پلانی باشمان بۆ ھەڵبژاردن ھەیە، نەبوونی بارەگا بۆ ئێمە نابێتە لەمپەر، خەڵکی کەرکووک ھیوایان لەسەر ئێمە ھەڵچنیوە.
سامان ڕەشید، ڕێگەپێدراوی لیستی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاشکراشی کرد: لە کەرکووک دوو ھێندەی کورسییەکانی پارێزگا کاندیدمان ھەیە کە سی کاندیدە، لە گشت چین و توێژەکان پێکھاتوون.