بە مەبەستی زیاتر خزمەتكردنی دانیشتووانی شارەكە و پەرەپێدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، پرۆژەیەكی قیرتاوكردنی شەقام و ڕاكێشانی تۆڕی نوێی ئاوی خواردنەوە لە شاری زاخۆ تەواو كرا.
ئەو پرۆژەیە كەوتووەتە گەڕەكی وەلات و بریتییە لە شەقامێكی 20 مەتری لەگەڵ كاری كۆنكرێتكردنی چەند شەقامێكی دیكە و ڕاکێشانی هێڵی كارەبا و تۆڕی نوێی ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵەكانی ئەو سنوورە.
ئەو پرۆژەیە ڕاستەوخۆ لە لایەن تیمەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی زاخۆ لەسەر پێشینەی مانگانەی شارەوانی جێبەجێ كراوە و كاریگەریی زۆر باشی لەسەر كەمكردنەوەی جەنجاڵی لەسەر شەقامەكە و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە لەو سنوورە دەبێت.
لە ڕۆژانی ڕابردووشدا پرۆژەی قیرتاوكردنی شەقامی پێشمەرگە بە درێژایی 1100 مەتر و بە پانیی 25 مەتر لەگەڵ دروستكردنی ئاوەڕۆ بە گوژمەی 943 ملیۆن دینار لە لایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی زاخۆ جێبەجێ كران.