دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دواخرا

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بۆ سبەی سێشەممە دواخست.

کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی بۆ سبەی سێشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2023 دواخست.

بە گوێرەی زانیارییەکان بڕیاری دواخستنی دەنگدانەکە لەسەر داوای ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنە شیعییەکان بووە.

ئەمە لە کاتێکدایە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راگەیاندبوو، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 14ـی ئەیلوولی 2023، لەگەڵ زۆرینەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق کە ژمارەیان نزیکەی 100 پەرلەمانتارە، گفتوگۆیان کردووە و بەڵێنی ئەوەی پێداون بەشداری لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا بکەن و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدەن.

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، “پێموانییە هیچ لایەنێکی سیاسی بوێری ئەوەی هەبێت بڵێت، ئێمە لەگەڵ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نین. خۆمان پرسیارمان کرد، کێ لەگەڵ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نییە، با بە ئاشکرا بیڵێت؟ بەڵام هەموویان گوتیان، ئێمە ناتوانین وا بڵێین، هەڵەبجە بریندارە و شایەنی زیاترە. کە هاتە قۆناغی دەنگدان، پێموانییە هیچ لایەنێک دەنگ لە دژی هەڵەبجە بدات. هەر کاتێک دانیشتنەکە کرا، دڵنیام پڕۆژەیاساکە تێدەپەڕێت”.