ڕۆژانه‌ نزیكه‌ی سێ ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو به‌ تێچووی پێنج سەد و پەنجا ملیار دینار بۆ هاووڵاتیان دابین ده‌كرێت

چواس خالید – هەولێر

ڕۆژانه‌ نزیكه‌ی سێ ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ به‌ تێچووی ساڵانه‌ی پێنج سه‌د و په‌نجا و دوو ملیار دینار بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان دابین ده‌كرێت، به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و بڕه‌یه‌ له‌ ئاوی خواردنه‌وه‌، كه‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ی پێویستی ژماره‌ی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌پێی ستاندارد، كه‌چی له‌ وه‌رزی هاویندا کێشەی كه‌مئاوی سه‌رهه‌ڵده‌دات.

به‌پێی داتاكان، له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌فیڕۆدانی ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ یەکجار زۆره‌ و ده‌ستپێوه‌گرتن و به‌كارهێنانی ئاوی پاك به‌ پێی پێویستی نه‌بووه‌ته‌ فەرهەنگ، به‌ جۆرێك له‌ كاتی به‌یانیان یا ئێواران به‌ هه‌ر گه‌ڕه‌كێكی شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ڕاببری، جیا له‌ دارو دیوار و ئۆتۆمبێل شۆردن، له‌ زۆربه‌ی گه‌ڕێكه‌كان تانكیه‌ك ئاوی پاك له‌ ڕه‌شكردنه‌وه‌ی قیری به‌رده‌گه‌یان به‌فیڕۆدراوه‌ و جۆگه‌له‌ی ئاوی پاك تا ئه‌وسه‌ری كۆڵانه‌كه‌ درێژ بووه‌ته‌وه‌، ڕۆژانە لە سۆندەی بەر دەرگەی كۆی ماڵەكانی هەرێمی كوردستان جۆگەیه‌ك ئاوی پاكیان لە پێش خۆ دروست كردووە، كه‌ دواجار تێكه‌ڵ به‌ ئاوی لێوار شه‌قامه‌كان ده‌ڕژێنه‌ ئاوه‌ڕۆكانه‌وه‌، بە هەزاران تانكی سه‌ربانی ماڵه‌كان پڕ دەبن و لەسەریان دەڕژێت و كەس نییە بیگرێته‌وه‌.
هه‌ر ئه‌و به‌فیڕۆدانه‌ وای كردووه‌، سه‌رباری به‌رهه‌مهێنانی دوو ئه‌وه‌نده‌ی پێویستی هاووڵاتیان به‌ ئاوی پاك، كه‌چی ساڵانه‌ له‌ وه‌رزی هاویندا له‌ زۆرێك گه‌ڕه‌كی شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گرفتی كه‌مئاوی سه‌رهه‌ڵده‌دات و خه‌ڵكی ناچار ده‌بن دۆخێكی سه‌ختی بێ ئاوی له‌ سه‌رووی ٤٥ پله‌ی گه‌رمییه‌وه‌ به‌ڕێ بكه‌ن، كه‌ هه‌ر خۆیان هۆكاری نه‌بوون و كه‌می ئاون.

به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ڕۆژانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، دوو ملیۆن و حه‌وت سه‌د و هه‌شتا و چوار هه‌زار و شه‌ش سه‌د و شه‌ش مه‌تر سێجا ئاوی خواردنه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌هێندرێت و ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌و ڕێژه‌یه‌ش ئه‌گه‌ر به‌پێی پێوه‌ری نێوده‌وڵه‌تی لێك بدرێته‌وه‌، كه‌ ڕێژه‌ی ستانداردی به‌كارهێنانی ئاوی بۆ هه‌ر تاكێك ٢٥٠ لیترە لە ڕۆژێكدا، ڕێژه‌ی ئه‌و ئاوه‌ پاكه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌م ده‌هێندرێت، پێویستیی زیاتر له‌ یازده‌ ملیۆن كه‌سه‌، كه‌ له‌ كوردستان به‌شی به‌فیڕۆدان و ئاره‌زووه‌كانی قیر ڕه‌شكردنه‌وه‌ی به‌رده‌رگه‌ و فێنككردنه‌وه‌ی دیوار و فیچقه‌پێكردن و په‌رشكردنه‌وه‌ی بۆ ئاسمان و هتد…، ی شه‌ش بۆ حه‌وت ملیۆن هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستان ناكات.
هه‌ڵبه‌ت به‌رهه‌مهێنانی دوو ئه‌وه‌نده‌ی پێویستی ئاوی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بێ تێچوو نییه‌ و له‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌م نییه‌، كه‌ تێچووی ساڵانه‌ی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شكردنی ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ و گه‌یاندنی به‌ هاووڵاتیانی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێنج سه‌د و په‌نجا و دوو ملیار دیناره‌.
سه‌رچاوه‌ی ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، پڕۆژه‌كانی ئاوی سه‌رزه‌وی و بیره‌كانه‌، كه‌ ئێستا ٥٠%ی به‌رهه‌مهێنانی ئاو له‌ ڕێی بیره‌كانه‌وه‌ دابین ده‌كرێت و ٥٠%ی دیكه‌ش، له‌ ڕێگه‌ی پڕۆژه‌كانی ئاوی سه‌رزه‌وییه‌وه‌ دابین ده‌كرێت.
ئێستا به‌هۆی وشكه‌ ساڵی و ده‌ستپێوه‌نه‌گرتنی ئاو و ژماره‌ی زۆری بیره‌كان، تا دێت ڕێژه‌ی ئاوی ژێرزه‌وی كه‌متر ده‌بێته‌وه‌، به‌ جۆرێكی مه‌ترسیدار كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا جێگری پارێزگاری هه‌ولێر هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد، لێدانی بیر ئاو له‌ هه‌ندێك شوێنی هه‌ولێر گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی مه‌ترسیدار و به‌ پێی زانیارییه‌كان له‌ قوڵایی ٧٠٠ مه‌تر ده‌گه‌یته‌ ئاوی ژێر زه‌وی.
دابه‌زینی ئاوی ژێرزه‌وی به‌و ڕێژه‌یه‌، زه‌نگی مه‌ترسییه ‌و ساڵانێكه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و گه‌شتیاری، بە جیددی كار له‌ سێكته‌ری ئاودا ده‌كات و مه‌به‌ستیه‌تی هاووڵاتیانی له‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری كه‌م ئاوی و وشكه‌ساڵی ئه‌رخه‌یان بكات.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا چه‌ندان به‌نداو و پۆندی به‌ گوژمه‌ی قه‌به‌ بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاوی باراناو، له‌ نێزیك شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بنیات ناوه‌ و چه‌ندانیش له‌ قۆناغی جێبه‌جێكردندان. كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا و ته‌نیا له‌ سنووری هه‌ولێر، بیست و هه‌شت پۆند و به‌نداوی بچووك دروستكراون و بیست و دووی دیكه‌ش كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت. جیا له‌وانه‌ و بنیاتنانی چه‌ندان پۆند له‌ ناوچه‌ جیا جیاكانی هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی داتاكان پار (٢٠٢٢)، دوو به‌نداو له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان و قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان ته‌واو كراون، كه‌ ئه‌مساڵ ئاویان تێدا كۆكراوه‌ته‌وه‌ و به‌هه‌ردووكیان ده‌توانن بیست و دوو ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو گل بده‌نه‌وه‌.
ئێستە حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رهه‌مهێنانی ئاوی پاك بۆ هاووڵاتیان، ١٠٠% پشت به‌ ئاوی سه‌ر زه‌وی ببه‌سترێ، كه‌ به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، ٨١ پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئاو له‌سه‌ر ڕووباره‌كان هه‌نه‌، له‌ به‌رانبه‌ریشدا زیادتر له‌ پێنج هه‌زار و حه‌وت سه‌د و هه‌شتا و حه‌وت بیری ئاو هه‌یه‌. ئاری ئه‌حمه‌د. به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان به‌ فه‌رمانگه‌ی مێدیا و زانیاری ڕاگه‌یاندووه‌، ١١ پڕۆژه‌ی ستراتیژیی به‌رهه‌مهێنانی ئاوی پاك له‌ پلانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن، به‌ ته‌واو بوونیان ٨٠-٨٢%ی دابینكردنی ئاوی پاك پشت به‌ ئاوی سه‌رزه‌وی ده‌به‌ستێت و بیره‌كان داده‌خرێت.

تا دێت شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان فراوانتر و یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون لێره‌وله‌وێ به‌رز ده‌بنه‌وه‌ و ژماره‌ی هاوبه‌شانی ئاو ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ زیادتر و زیادتر ده‌بێت، كه‌ به‌پێی ئاماره‌كان، له‌ ساڵی ٢٠٢١، له‌ كوردستان نۆ سه‌د و نه‌وه‌د و سێ هه‌زار و دوو سه‌د و بیست و سێ هاوبه‌شی ئاو هه‌بوون، كه‌ ئێستا پتر لە ملیۆن و نیو هاوبه‌شه‌، ئه‌گه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ به‌ فیڕۆ نه‌درێت، هه‌رێمی كوردستان چه‌ندان ساڵی دی له‌ دابینكردنی ئاوی پاك و هه‌ڵكشانی ژماره‌ی هاوبه‌شانی ئاو بۆ چه‌ند به‌رانبه‌ریش ئه‌رخه‌یانه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هاووڵاتیانی له‌ به‌فیڕۆدانی به‌رده‌وام بن و ده‌ست نه‌پارێزن، ئاو چه‌ند به‌رانبه‌ریش بكرێت، له‌ وه‌رزی هاویناندا ڕووبه‌ڕووی كه‌م ئاوی ده‌بینه‌وه‌.