ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ئەو بڕەپارەیەی بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی 09ـی 2023 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بڵاو کردەوە و لەبارەی ناردنی ئەو بڕەپارەیەی کە بڕیارە بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت، ڕایگەیاند: لەسەر بنەمای لێکتگەیشتنە هاوبەشە ئەرێنییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق و ڕێککەوتنی لەسەر بەردەوامی جێبەجێکردنی پابەندبوونە دەستوورییەکان و ناوەڕۆکی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، بەشێوەیەک مافەکانی تەواوی هاووڵاتییان مسۆگەر بکات، لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی وردبینی و چاودێری کە شەفافییەت و متمانە لەڕووی داهات و خەرجییەکانی وڵات دروست دەکات و بە ئامانجی دابینکردنی نەختینەیی دارایی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو یەکلاکردنەوەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵانی (2023، 2024، 2025) ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بڕیارنامەی پێشووی ژمارە (23500)ـی ساڵی 2023 هەموار بکاتەوە و بەمشێوەیە بێت:

– بانکەکانی ڕافیدەین، ڕەشید و TBI بڕی 2.1 ترلیۆن دینار بە قەرز دەدەنە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سێ جار کە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە دەستپێدەکات.

– وەزارەتی دارایی عێراق ئەو بڕەپارەی کە بە قەرز دەیداتە هەرێمی کوردستان، لە پشکی ساڵی 2023ـی هەرێمی کوردستان دەردەکات.

– لە ئەگەری ئەوەی کە ئەو بڕەپارەی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، لە بودجەی ساڵی 2023 بەشی ئەو قەرزە نەکات، ئەوا لە پشکی ساڵی دارایی 2024ـی هەرێمی کوردستان دەردەکرێت.

– وەزارەتی دارایی پارەی پێشەکی لەو بانکانەی ئاماژەیان پێ دراوە، دادەنێت کە بریتییە لەو بڕە قەرزەی دەینرێت، پاش جێبەجێکردنی بڕگەکانی پێشووی (2، 3) دەکێشرێتەوە.

– فەرمانگەی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، وردبینی لەسەر ژمارەی فەرمانبەران، کەمدەرامەتان و خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان دەکات بەپێی ئەو لیستانەی کە پێشکەشی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکرێن، هەروەها پێویستە لەدوای دەرچوونی ئەم بڕیارەوە جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارانە ماوەی 30 ڕۆژ زیاتر نەخایەنێت، بەپێی ئەو مەرجانەی کە لەلایەن هەردوو فەرمانگەی ئاماژە پێ کراوەوە دانراون.