ئەمجارە لایەنە سیاسییەکان بە یەکەوە داوای مافەکانیهەرێمی کوردستانیان کرد

دوای ئەو سەردانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی و وەزیران و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ بەغدا کردیان و بە هاوئاهەنگی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی و پارتە سیاسییەکاندا کۆ بوونەوە، پێدەچێت ئەمڕۆ یەکشەم دەرەنجامەکانی ئەو هاودەنگی و یەکگرتووییە دەربکەوێت و لە کۆبوونەوەی

و بڕیار لەبارەی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بدرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ محەمەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دکتۆر لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆمار و محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی زۆربەی حزبە سیاسییە دیارەکانی عێراق کۆ بوونەوە و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕوونی لەگەڵیاندا باس کرا و بەڵێنی چارە و بەدەنگەوەهاتنیان لێ وەرگیرا.
هەر ئەو کات چ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چ ئەو نوێنەرانەی لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار بوون بۆ میدیاکان بە ڕاشکاوی باسیان لە گرنگی و بایەخی سەردانەکە و وەڵامی ئەرێنییانەی لایەنەکانی عێراق کرد و گەشبینیی خۆیان بۆ ئەوە دەربڕی حکوومەتی عێراق لەو بڕیار و هەڵوێستانەی پێشووی بە خۆیدا بچێتەوە و بڕیارێک دەربکات کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بێت و کۆتایی بەو دۆخە بێنێت کە ماوەیەکە جۆرێک بێ متمانەیی و گرژیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هێناوەتە کایەوە.
ئەمڕۆ یەکشەم ١٧ی ئەیلوول چاوەکان لە سەر کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و دەرکردنی بڕیارێکە لە قازانجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوو رۆژ پێش خراوە و سەرۆک وەزیرانی عێراق پێش ئەوەی گەشتەکەی بەرەو ئەمەریکا دەست پێ بکات کۆبوونەوەکە گرێ دەدات.
سوودانی سبەی دووشەممە دەچێتە ئەمەریکا بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک بەشداری بکات. دوێنێ شەممە دکتۆر فواد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دوو ڕۆژ زووتر بە سەردانێک گەیشتە ئەمەریکا و پێشبینی دەکرێ لەگەڵ کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای ئەمەریکا کۆ ببێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی و پشتیوانیی خۆی لە دانوستانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر پێداگری لەوە کردووە کە هەر دوو لایەنی هەرێمی کوردستان و عێراق لە چوارچێوەی دەستووردا کێشەکانیان چارە بکەن و هەنگاوێک بنێن کە هەموو عێراقییەکان تێیدا سوودمەند بن.
بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی لە نێوان شاندی کوردستان و حکوومەتی عێراق و لایەنەکان هەبووە، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان نەکرێت و لە مانگی تەمووزەوە حکوومەتی عێراق مانگانە نزیکەی ٨٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠ دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی لەگەڵ نیوەی داهاتی ناوخۆ بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و خەرجییەکانی تر دابین بکات و ئەمەش نزیکە لە هەمان داواکاری و مافی ڕەوای هەرێمی کوردستان کە لە یاسای بودجەدا ئاماژەی پێ کراوە. لە کۆبوونەوەکاندا هەر دوولا پێیان باش بووە ساڵی داهاتوو دەستکاریی هەندێک بڕگە و مادەی یاساکە بکرێت و هەموار بکرێتەوە.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان خۆی دوای سەردانەکە ڕایگەیاند پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنیان بۆ چارەکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی هه‌رێمی كوردستان خستووه‌ته‌ڕوو، پێشنیازه‌ درێژخایه‌نه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ یاسای بودجه‌ و هه‌مواری به‌شێك له‌ مادده‌ و بڕگه‌كانی، كه‌ ئه‌مه‌ كاتی زۆرتری پێویسته‌ و له‌ داهاتوودا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. لەبارەی پێشنیازه‌ كورتخایه‌نه‌كەشیان‌، ڕۆژی یه‌كشه‌ممە ١٧ی ئەیلوول له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌درێت.
بەغدا بۆ ئەم داواکارییە نەرمی نواندووە بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و نووسراو نییە و چاوەڕێ دەکرێ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی ئەو پشکە بدرێت.
لە ڕۆژی پێنجشەممەوە کە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکەوە داوای مافەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن بەرهەمی ئەو بەیەکەوەبوونەیان خەریکە بەدیار دەکەوێت و خەڵکی هەرێمی کوردستان کە تامەزرۆی ئەم جۆرە هەڵوێستانەن، پێی دڵخۆش بوون و ئەو چاوەڕوانییەیان لە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان هەیە لە هەر ئەگەرێک لەو یەکڕیزییە بەردەوام بن.