ھە‌ناردە‌كردنی نە‌وتی ھە‌ڕێمی كوردستان دە‌ستپێدە‌كاتە‌وە‌

وەرزی سەرما، توركیا ناچار بە رێككەوتن لەگەڵ عێراق دەكات و بەو هۆیەشەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستیپێدەكاتەوە. عیسام فەیلی مامۆستای زانكۆی موستەنتەرییەی بەغدا، رایگەیاند، هەڵوێستەی نوێیەكەی وەزیری وزەی توركیا لەبارەی بۆری گواستنەوەی نەوتی عێراق، ئاماژەیە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی ئەنقەرەو بەغدا لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم. عیسام فەیلی، كە شارەزای كاروباری ئابووری عێراق دەشڵێت: وەرزی زستان نزیكەو توركیا ناچارە بۆ دەستخستنی وزە دەست بە گفتوگۆكانی لەگەڵ عێراق بكاتەوە، ئەوەش وا دەكات پێشبینی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بكەین، كە چەند مانگێكە راگیراوە. ئەمە لەكاتێكدایە، ئاڵپ ئەرسەلان، وەزیری وزەی توركیا رۆژی هەینی رایگەیاند، كارەكانی چاكسازی و كێشە تەكنیكییەكان لە بۆری نەوتی عێراق، كە نەوتی هەرێم و كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركی دەگوازێتەوە تەواو بووە. ئاڵپ ئەرسەلان راشیگەیاند، كە بۆرییەكە بەهۆی بومەلەرزەكەی مانگی شوباتی رابردووی توركیا زیانی پێگەیشتبوو، بەڵام ئێستا كێشەكان چارەسەر كراون و بەم نزیكانە هەناردەی نەوت لێیەوە دەستپێدەكات، بەبێ‌ ئەوەی ئاماژە بەكاتێكی دیاریكرا بكات.