سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

شاخەوان عەبدوڵا لەبارەی مووچە و بەپارێزگاکردنی هەڵبجە مژدە بە هاووڵاتییان دەدات

ئەمڕۆ هەینی 15ـی 09ـی 2023 د. شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: بەداخەوە دوێنێ دوای دانانی پڕۆژەیاسای هەڵەبجە لە بەرنامەی کاری پەرلەمان تەنیا 140 پەرلەمانتار ئامادە بوون و ڕێژەی یاسایی تەواو نەبوو، بۆیە بڕیارماندا لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان سەردانی فراکسیۆنەکانی دەوڵەتی یاسا، سادیقون، سەنەد و بەدر کرد.

ڕاشیگەیاند: داوامان کرد چیتر برینی هەڵەبجەییەکان لەوە قوڵتر نەبێت و هاوکارمان بن بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، بەڵێنیان دا هاوکاربن و دەنگ بە پڕۆژەکە بدەن.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاماژەی بەوە دا کە “داوامان کرد هاوکارمان بن بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان کە ماوەی 3 مانگە مووچەیان پێ نەدراوە و لە ئینفاقی فیعلی جیابکرێتەوە، هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق پاڵپشت بە ماددەی 14 لە دەستووری عێراق و پاڵپشتی هەر پڕۆژەیەک بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێوان هەردوو حکوومەت، لەمبارەیەوەش بەڵێنی هاوکاریان دا دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان.”