بە گوێرەی زانیارییەکان، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایان لە بەغدا کردووە بۆ شەش مانگی دووەمی ئەمساڵ واتە لە 1ـی 7ـەوە تا 31ـی 12 ئەمساڵ، بەغدا مانگانە 800 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
ئەم داواکارییەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک چارەسەرێکی بەپەلەیە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، چونکە پێشنیازی ئەوەش کراوە کە دواتر یاسای بودجەی گشتیی عێراق هەموار بکرێتەوە، بەجۆرێک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جیا بکرێتەوە و مسۆگەر بکرێت و تێکەڵ بە هیچ کێشەیەکی سیاسی و دارایی نەکرێت.
بەم شێوەیە ئەگەر بۆ هەر مانگێک حکومەتی عێراق مانگانە 800 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ داهاتی ناوخۆ مانگانە دەتوانێت بەبێ هیچ کێشەیەک مووچەی فەرمانبەران دابەشبکات.
سەرچاوەکە گوتیشی: لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەڵێنی پشتیوانی پێشنیازەکەیان داوە، بۆیە هەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر پێشنیازەکە بدرێت.