كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی و سوودانی له‌سه‌ر مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم ده‌ستی پێكرد

كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدڕاڵ له‌سه‌ر پرسی  مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكرد.
كه‌مێك پێش ئێستا له‌ شاری به‌غدا، كۆبوونه‌وه‌ی شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدڕاڵ ده‌ستی پێكرد.
له‌ كۆوبونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت. 
شایانی باسە دوێنێ چوارشەممە، 13 ی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، قوتابخانەی دواناوەندیی تێكەڵاوی گوندی كۆریی كردەوە و لە هەمان قوتابخانە زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا.
سەرۆكی حكومەت لە گوتارێكدا سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا رایگەیاند: بەتەماین سەردانی بەغدا بكەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاشتییانە هەوڵی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانمان بدەین. 
هەروەها گوتی: پشوودرێژیی ئێمە مانای لاوازیی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكوو خەمخۆریی ئێمەیە بۆ ئەوەی نەهێڵین كێشە و گرفتەكان بە ئاقارێكی تردا ببرێن و دەمانەوێ بە شێوەیەكی ئاشتییانە كێشەكانمان چارەسەر بكەین و هەموو شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكەین. 
گوتیشی:دەمانەوێ سەردانی لایەنە سیاسییەكان بكەین بۆ ئەوەی بزانین بۆچی وەڵامی چاكەی خەڵكی كوردستان بەم شێوەیە دەدرێتەوە؟ كاتێك كە خەڵكی كوردستان باوەشیان بۆ هەموو خەڵكی عێراق كردەوە، چاومان لەوەیە كە ئێستا هەموو خەڵكی عێراقیش بەرگری لە ماف و شایستەكانی خەڵكی كوردستان بكات. 
ئاماژەی بەوەشدا،دەمانەوێ بزانین كە لەبەر چی ئەو سیاسەتی برسیكردنی هەرێمی كوردستان دەگرێتە بەر؟ ئێمە پێمانوایە سەركەوتنی كوردستان سەركەوتنی هەموو عێراقە. بووژانەوەی ئابووریی كوردستان بووژانەوەی ئابووریی هەموو عێراقە.
هەر دوێنێ پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: هەرێمی كوردستان مەبەستییەتی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بگاتە ئەنجام و خەڵكی هەرێمی كوردستان وەك هەموو ناوچەكانی دیكەی عێراق شایستە داراییەكانیان و لە نێویشیاندا مووچەیان پێ بدرێت.
هەروەها پێشەوا هەورامانی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: حكومەتی هەرێم پابەندی ڕێككەوتنەكانە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ؛ سەردانی سەرۆكوەزیران و جێگرەكەی و تیمی حكومەت، پێشاندانەوەی نییەتی سەرۆكوەزیران و حكومەتی هەرێمە بۆ گەیشتنە ئەنجام و چارەسەری كێشەكان لە ڕێگای جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان، بە تایبەتی جێبەجێكردنی یاسای بودجە.