ئەگەر مووچە نەنێردرێت ھەموو بژاردەکان لەبەردەم کوردستان کراوە دەبن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کێشەی ڕەوانە کردنی مووچە و پشکی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا تا دێت قووڵتر دەبێتەوە، بڕیارە یەک شەممەی داھاتوو ھەر دوو وەزیری دارایی عێراق و ھەرێمی کوردستان میوانداریی پەرلەمان بکرێن، تا کێشە تەکنیکییەکان بخرێنەڕوو، فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەڵێن: لایەنەکانی عێراق بە مەبەست دەستیان بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بردووە و بە یەک ھەڵوێست ڕێکاریی پەرلەمانی دژی حکوومەتی عێراق دەگرینەبەر. پەرلەمانتارێک، دەڵێ: کۆتلە کوردیەکان کۆدەنگن لەسەر مافی خەڵکی کوردستان، لەناو ھۆڵی پەرلەمانی عێراق، دەستمان بە کۆکردنەوەی ئیمزا کردووە بۆ فشار خستنە سەر حکوومەتی فیدراڵی بە مەبەستی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.

پارتی لەگەڵ یەکڕیزی لایەنە کوردیەکانە بۆ لەناوبردنی پیلانەکانی دژی خەڵکی کوردستان لەوانەش کۆتایی ھێنان بە سیاسەتی برسی کردنی خەڵکی کوردستان. چاودێران و شارەزایانی بواری ئابووری، دەڵێن: پێویستە لایەنە کوردیەکان یەکڕیزبن بەرامبەر پێشھاتەکان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواو پابەندبووە بەرامبەر بەغدا و حکوومەتی فیدراڵ کەمتەرخەمە لە ڕێککەوتن و یاسای بودجە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کراوە لە ٢٥ی ئاداری ڕابردووەوە دۆسیەی نەوتی ڕادەستی بەغدا کردووە و ھەموو پابەندییەکانی سەرخۆی جێبەجێ کردووە لەبەرامبەر بەغدا، حکوومەتی فیدراڵ بەھانە بۆ پابەندییەکانی خۆی دێنێتەوە و پابەند نییە بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان کە لە چوارچێوەی یاسای بودجە و ڕێککەوتنی نێوان ھەردوولا جێگیر کراوە.
ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا ھاتووە و لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراوەتەوە، مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق جێگیر کراوە کە نۆ ترلیۆن دینار بۆ ئەو بابەتە دانراوە، بەپێی بودجە، بەغدا دەبێت مانگانە ترلیۆنێک و سێ سەد و حەفتا و سێ ملیار دینار ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکات، جگە لە بودجەی وەبەرھێنان و خەرجی بەرھەمھێنانی نەوت و چەند بابەتێکی دیکە.
ساڵی ٢٠٠٥ کاتێک گەلی کوردستان بە گوڕ و تینەوە چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بە بەڵی دەنگیان بە دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا، ئەو دەنگدانەش بۆ ئەوەبوو کە ھەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستووری لە چوارچێوەی یاسابەرکارەکاندا ئەرک، ماف، شایستە دارایی و ئیدارییەکانی بەرجەستە بکرێت، بەڵام کاتێک قوت و مووچەی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەکرێتە کارتێکی فشار بۆ ململانێی سیاسییەکان و دروستکردنی مەترسی لەبەردەم قەوارەی ھەرێمی کوردستاندا، ئەو ساتە تەمومژانە بیردێنێتەوە کە دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراق بە ئەنفال، کیمیاباران، کوشتن و بڕین دەرھەق بە گەلەکەمان ئەنجامیاندا، دەستخستنە سەر قوتی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ئەنفالی ئابوورییە کە بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەکرێت. یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات دەستوور و یاسا بکەنە سەرمەشقی مامەڵە و پێکەوەیی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە دوو قۆڵییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، چیدیکە ڕای تاکەکەسی و لێکدانەوەی ھەڵە بۆ دەقە دەستوورییەکان نەکرێت، داوا لە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانیش دەکەین یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بن لە ئاست مافە نەتەوەیی کۆدەنگی نیشتمانی بکەنە ھۆکار بۆ تەبایی و یەکڕیزی، تا چیدیکە ڕێگە نەدرێت مافە دەستووریەکانی ھەرێمی کوردستان پێشێل بکرێت.
ڕۆژی چوارشەممە ٦/٩/٢٠٢٣ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە، داوا لە ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم کرد کە یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بن لە داکۆکیکردن لە ماف و دەستەڵات و شایستە دەستووریەکانی ھەرێم، بۆ ئەم مەبەستە پێشنیازی سازدانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم کرا بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان.
ئاماژە بەوەشکرا، شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە شازدە ترلیۆن و چوار سەد و نەوەد و حەوت ملیار و ھەشت سەد و حەفتا و یەک ملیۆن و ھەشتا و نۆ ھەزار دینارە و پێویستە حکوومەتی عێراق شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.
سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: لەسەر داوای شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەناو پەرلەمان دەست بە کۆکردنەوەی ئیمزا کراوە بۆ ئەوەی فشار بخرێتە سەر حکوومەتی فیدراڵ بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کە ماوەی سێ مانگە بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی ڕەوانە نەکردووە، بەپێی یاسای بودجە مافی خەڵکی کوردستانە شایستەکانیان ڕەوانە بکرێت.
ئەو پەرلەمانتارە، گوتیشی: ھەموو فراکسیۆنە کوردیەکان بەشدارن لە کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ فشار خستنە سەر بەغدا، واتە کۆدەنگی ھەیە و کوتلە کوردستانییەکان یەکڕیزن لەسەر مافی مووچەخۆران و ھاووڵاتییانی ھەرێم بەبێ جیاوازی ئیمزایان کردووە.
سیپان شێروانی، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: جگە لە پەرلەمانتارە کوردەکان بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە و سونەش ئیمزایان کردووە ئەوانەی ھاوسۆزن لەگەڵ خەڵکی کوردستان، ئەوەی لە دەستمان بێت درێغی ناکەین بۆ بەرگری کردن لە خەڵکی خۆمان، دڵنیایی دەدەین ھەرچی پێویست بێت بۆ وەرگرتنی مافی مووچەخۆرانمان دەکەین و دڵنیاش بن ئەم دۆخە خراپە بەم شێوازە بەردەوام نابێت.