د. وەلا دزەیی:ئامانج لە پێداگۆجی پێگەیاندنی مامۆستای شارەزایە لە میتۆد و شێوازە نوێیەكانی وانەگوتنەوە و فێربووند

دیمانە: هێمن خەلیل – هه‌ولێر

سەنتەری ڕاهێنانی خولی پێداگۆجی سەر بە نووسینگەی یاریدەدەری زانكۆی سەلاحەدین ـ هەولێرە بۆ كاروباری زانستی، بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەو سەنتەرە دیدارێكمان لەگەڵ (د. وەلا غازی دزەیی) بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاهێنانی پێداگۆجیدا كرد.

د. وەلا دزەیی سەبارەت بە پێداگۆجی شێوازی وانەگوتنەوە دەڵێ: “پێداگۆجی شێوازی نوێی وانەگوتنەوەیە بە بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیا و ڕێكاری نوێ و گونجاو بە شێوەیەكی مۆدێرن بە ڕەچاوكردنی گۆڕانكاری بەردەوامی پرۆسەی فێربوون، واتا تێكەڵكردنی (زانست و هونەر و پسپۆڕی) لە وانەگوتنەوە (art، science and profession of teaching)، ئامانج لە پێداگۆجی، پێگەیاندنی مامۆستای شارەزا لە میتۆد و شێوازی نوێیەكانی وانەوتنەوە و فێربوونە، ماوەی خولەكە، شەش مانگە، هەفتانە دوو ڕۆژە (face to face )، هەر مۆدێلێک یەک مانگ دەبێت، سەنتەری ڕاهێنانی خولی پێداگۆجی تا ئێستا حەوت خولی تەواو كردووە ئێستا لە خولی هەشتەمدایە، نزیكەی (560) كەس لەو خولە دەرچووینە.”
1- ئەمەش ناوی بابەتەكانە:

a- Information @ communication technology (ITC)
b- Research @development (R&D)
c- Student central approach ( SCA)
d- Innovative pedagogical methods and assessments (IPA)
e- Competence based curriculum (CBE)
f- Edupreneurship university work environment.

لە دكتۆرەمان پرسی ئایا پێداگۆجی كاریگەری هەیە لەسەر شێوازەكانی فێربوون؟ لە وەڵامدا دەڵێ: “بەڵێ بە دڵنیایی پێداگۆجی كاریگەری گەورەی هەیە لە گۆڕینی شێوازەكانی فێربوون لە ناوەندەكانی خوێندن بە تایبەتی لە خۆیندنی باڵا كە پەیڕەوی سیستەمی نوێ دەكات.”
هەروەها لەبارەی كاركردن بەگروپ بەڕێوەبەری سەنتەر ئاماژەی دا: “شێوازی كاركردن بە گروپ، پیویستە جەختی لەسەر بكرێت بە تایبەتی بۆ پەیڕەوكردنی دانانی قوتابی بە چەقی خوێندن (sca) كە فاكتەرێكی سەرەكیە بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی بۆڵۆنا لە خۆێندنی باڵا.”
تایبەت بە ڕێگاكانی وانەگوتنەوە بەڕێوەبەری سەنتەر گوتی: “ڕێگاكانی وانەگوتنەوە زەروورە و، هەموو ڕۆژ لە نۆێگەریدایە، گرنگ ئەوەیە مامۆستا هەمەجۆر بێت لە كاتی وانەگوتنەوەدا؛ واتا هەر یەك ڕێگا و شێواز نەگرێتە بەر، بەڵكو بەردەوام گۆڕانكاری بكات بە ڕەچاوكردنی جیاوازیی تاكایەتیی قوتابیان بكرێت.”
سەبارەت بە داواكاری مامۆستایان بۆ ئەم سەنتەرە دكتۆرە دەڵێ: “داواكاری و خواست زۆرە لەلایەن قوتابیانەوە بۆ ئەم سەنتەرە، بەڵام بە پێچەوانە هەموو سەنتەرەكان ژمارەی پێویست وەردەگرن و، بەردەوام خولەكان دەكرێتەوە، بە لایەنی كەم دوو تا سێ خول لە ماوەی یەك ساڵی ئەكادیمی بە ڕەچاوگرتنی ڕێنماییەكانی خوێندنی باڵا دەكرێتەوە.”
هەروەها لەبارەی پرۆسەی خوێندنی بۆڵۆنیاوە د. وەلا دزەیی ئاماژەی دا: “جێبەجێكردنی پرۆسەی بوڵونیا ئامادەكاری زوری پێویستە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و گشت زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، خولی پێداگۆجی بەشەكە لە كۆی پرۆسەی جێبەجێكردنی بۆڵۆنیا؛ بەڵام دەتوانین بڵێین كە تا ڕادەیەكی زۆر ستافی شارەزا ئامادە كراوە تا بەشدار بێ لە ڕاپەڕاندنی پرۆسەكە.”