یەکێتی بەڵێندەران: ئیدانەی ئەو هەڵوێستانە دەکەین کە دژی هەرێمی کوردستان و دەستووری عێراقن

ئەمڕۆ چوارشەممە (13ـی ئەیلوولی 2023)، یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەشێک لە دەسەڵاتدارانی بەغدا چاویان بەم گەشەکردنەی هەرێم هەڵنەدەهات و کەوتنە بیانوو و دژایەتیکردنی، هەروەها جێگەی داخە دەستەیەکی زاڵم و بێویژدان لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق قبوڵیان نییە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق سەربگرێت، بە هەموو شێوەیەک رێگری دەکەن لە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، شێواز و داهێنانی نوێ پەیڕەو دەکەن لە پەرلەمان و دادگای فیدڕاڵی و وەزارەتی دارایی عێراق، تا ئەو رادەیەی کە هەوڵی برسیکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەدەن بەوەی کە ناهێڵن بەشێکیش لە پارەی بودجە بنێردرێت بۆ دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم کە تەنیا سەرچاوەی بژێوی بەشێکی زۆری ئەم چینەیە.

هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، بەداخەوە خەڵکێک کە هەوڵی برسیکردنی توێژی فەرمانبەرانی هەرێم بدات چاوەڕوانی ئەوەی لێ ناکرێت خۆشحاڵ بێت بە بووژاندنەوەی هەرێم.

یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان، بە توندی ئیدانە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر ئەو کردەوە و هەڵوێستانەی کە دژایەتی هەرێم دەکەن و رێککەوتننامە و دەستوور جێبەجێ ناکان و سیاسەتی جیاکاری و شۆڤینی پەیڕەو دەکەن، هەروەها یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان هیوادارن خەڵکی بە ویژدان و میانڕەو لە ناو پەرلەمان، حکومەتی عێراق و دادگای فیدڕاڵی رێگری لەو ناهەقییانە بکەن.

هاوکات داواکارن لە پەرلەمانتار و  بەرپرسانی کود لە بەغدا، یەک دەست، یەک هەڵوێست بن و کاربکەن بۆ وەستاندنی ئەو زوڵم و زۆرداریانەی کە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت.