وەزیری دەرەوەی نەمسا ئەمڕۆ لە هەولێر بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، سەرباری قورسی دۆخەکە، بەڵام ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی ئەیلوولی 2023، ئەلیکساندەر شاڵنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان سەرکەوتووبووە و نەمسا بەردەوام دەبێت لە هاوکارییەکانی بۆ هەولێر و بەغدا.
راشیگەیاند، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بنیاتنەر بووە و سەرباری قورسی دۆخەکە بەڵام ئاسۆیەک بۆ چارەسەر هەیە، گوتیشی: هەولێر و بەغدا دەتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نەمسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، باسی لەوەکرد، نەمسا بە بەردەوامی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت.
ئەلیکساندەر شاڵنبێرگ لەبەردەم چایخانەی مەچکۆ لەنێو بازاڕی هەولێر گوتی: ئەم وڵاتە خاوەنی کولتوورێکی دەوڵەمەندە و ئەمە یەکەمجارم نییە سەردانی هەولێر دەکەم.
وەزیری دەرەوەی نەمسا راشیگەیاند، کۆمپانیا نەمساوییەکان لێرە و لە بەغدادیش هەن، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ بوونی متمانە لەنێوانماندا.
سەرەڕای پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا و پەسەندکردنی بودجە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام بەغدا تا ئێستا بەپێی پێویست شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، لەبری ئەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە بە شێوەی قەرز هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید بۆ ماوەی سێ مانگ 500 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکەن، تا یەکلاییکردنەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.
رۆژی هەینی (8ـی ئەیلوولی 2023) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هەرێمی کوردستان بەپێی خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023، شایستەی (16) ترلیۆن و (498) ملیار دینارە کە مانگانە دەکاتە (1) ترلیۆن و (375)ملیار دینار، لەم بڕە مانگانە (906) ملیار دیناری تەرخانکراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنها بڕی (2) ترلیۆن و (598) ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کردووە، کە (400) ملیاری ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی یانزە و دوانزەی ساڵی 2022.