سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سبەی مەسرور بارزانی سەردانی بەغدا دەکات

سبەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک وەزیر بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق دەچێتە بەغدا.

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە راگەیاند، سبەی پێنجشەممە 14/9/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک وەزیر سەردانی بەغدا دەکات.

ئەمڕۆ چوار شەممە 13/9/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکدا لە رێوڕەسمی لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن، گوتی: “بە تەماین سەردانی بەغدا بکەین، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاشتیانە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانمان بدەین، پشوودرێژی ئێمە مانای لاوازی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو خەمخۆری ئێمەیە بۆ ئەوەی نەهێڵین کێشە و گرفتەکان بە ئاقارێکی دیکەدا ببرێن، دەمانەوێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و هەموو شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین”.

سەرۆکی حکومەت، راشیگەیاند: “دەمانەوێت لەو سەردانەی لە بەغدا سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکەین، بۆ ئەوەی بزانین بۆچی وەڵامی چاکەی خەڵکی کوردستان بەوشێوەیە دەدرێتەوە، کاتێک کە خەڵکی کوردستان باوەشیان بۆ هەموو خەڵکی عێراق کردەوە، چاومان لەوەیە ئێستا هەموو خەڵکی عێراقیش بەرگری لە ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن. دەمانەوێت بزانین لەبەرچی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان دەگرنەبەر، ئێمە پێمان وایە سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی هەموو عێراقە، بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان بوژانەوەی ئابووری هەموو عێراقە”.