کەمێک پێش ئێستا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە ئەلێکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا و شاندی یاوەری کرد.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2023، ئەلێکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، “باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و نەمسا دەکەین، هەروەها کۆمەڵێک بابەت هەن گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین”.
گوتیشی: “من لەگەڵ شاندێکی بازرگانی گەورە لێرەم، بۆ ئەوەی پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکان بدەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، لەم سەردانەدا زۆر بابەتمان هەیە کە دەمانەوێت باسی لێوە بکەین. پێویستمان بە ئاڵوگۆڕی زیاتری سیاسیی و بازرگانیی هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لێرەم”.