سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بە سەرپەرشتیی مه‌سرور بارزانی ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان دامەزراوەی داراییی نێودەوڵەتی و دەستەی وەبەرهێنان واژۆ کرا

بە چاودێری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ڕێککەوتننامەیەکی هاوکاری لە نێوان دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی و دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتی خەواجە ئافتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری هەرێمیی دامەزراوەکە کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی “پەرەپێدانی هەماهەنگیی و ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لە نێوان دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتیی کە ئەندامی بانکی نێودەوڵەتییە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان” کردووە.

دواتر بە بە چاودێری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ڕێککەوتننامەیەکی هاوکاری لە نێوان دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی و دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئەم ڕێککەوتنە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکە کە بۆ ماوەی چوار ساڵە و  دەرفەتی ئەوە دەرەخسێنێت وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان زیاد بکات بە دیاریکراوییش لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان و وزەی نوێبووەوە”.