چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

قەیرانە کاتی و دروستکراوەکان، کوردستان خۆڕاگرتر دەکەن

شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

ئیستە هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و لە هەموو لایەکەوە پایتەختەکەی کەوتووەتە ژێر گوشار، گوشاری سیاسی و ئابووری لە عیراقەوە وەک چەکێک دژی هەرێمی کوردستان ساڵانێکە کەوتووەتە کار و ئێستە فشارەکان گەیشتوونەتە لوتکە، کە پاڵنەری ئیقلیمیش لە پشت ئەو گوشارانە هەیە و تەنیا پەیوەست نییە بە حکوومەتی عێراقەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕابردوودا ئەو ڕۆحە هاوکارییەی کە کاتی خۆی و لە مەجلیسی حوکمەوە بۆ بنیاتنانەوەی عێراقی دوای دیکتاتۆر هەیبوو، بەهێزتری کرد و لە پێناو ئاشتەوایی نیشتمانی و بۆ سەروەرکردنی دەستوور و بەیاساییکردنی ڕێککەوتننامەکانی هەولێر و بەغدا هەوڵی گەورەی دا.

حکوومەتی هەرێم و نیەتی ڕێککەوتن
سەرۆکوەزیرانی هەرێم، دوای شەشڕۆژ لە سوێندخواردنی كابینەكەی لە پەرلەمانی كوردستان، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدیی سەرۆکوەزیرانی ئەوکات و سەرۆکی پەرلەمان کۆ بووەوە و ڕایگەیاند “گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ به‌غدا و ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی نوێی عێراق كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی داهاتوویه‌كی باشتر و پڕشنگدارتر بۆ گه‌له‌كه‌مان بونیاد بنێین”
دوای چوار ساڵ و گۆڕینی سێ سەرۆکوەزیر (عەبدولمەهدی، کازمی و سودانی)، مەسرور بارزانی بۆ چارەی کێشەکانی مووچە و بودجە و وزە، شەخسی ٤ جار سەردانی بەغدای کردووە و ٥ جاریش لە هەولێر پێشوازی لە هەرسێکیان کردووە و زیاتر لە ٨٥ سەردان و پێشوازیی لە ئاستی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیر و شاند و سەرکردەی هاوپەیمانییە عێراقییەکانیش کراون و زیاتر لە ١٩ جاریش شاندی تایبەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە، کە هەمووی نیشاندەری نیەتپاکیی هەرێمی کوردستان و كابینەی نۆیەمن بۆ چارەی ئەم کێشانەی کە ئێستا تۆخ کراونەتەوە.
بە پێچەوانەوە، حکوومەتی عێراق ئەوەی لە توانایدا بوو دژ بە هەرێمی کوردستان کردی، چونکە دەسەڵاتدارانی عێراقی چاویان بە هەرێمی کوردستان هەڵنایێت.
بۆچی دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت؟
یەکەم: هەرێمی کوردستان بووژانەوەیەکی ئابووریی گەورە بە خۆیەوە ببینێت و عێراقیش ببێتە یەكێك لە گەندەڵترین وڵاتانی دونیا.
دووەم: هەرێمی کوردستان سیاسەتی دروستی هەرێمایەتی و جیهانی پەیڕەو بکات و پڕ ببێت لە هاموشۆی دیپلۆماسی، کەچی عێراقیش پاشەکشە و گۆشەگیر بێت.
سێیەم: هەرێمی کوردستان خاوەن خزمەتگوزارییەکی فراوان بێت لە سەرجەم کەرتەکان، کەچی شارەکانی تری عێراق نغرۆی زبڵ و گەندەڵی و وێرانی بن.
چوارەم: هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنی نیشتەجێبوون و گەشتیاریی ملیۆنان عەرەبی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کە پارەیان لە بەغدا و خۆشی و خەرجكردنیان لە کوردستان بێت.
پێنجەم: هەرێمی کوردستان هەرێمی پێکەوەژیان و حەواندنەوەی زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر و مەسیحیی تارێنراوی نێوەڕاست و خوارووی عێراق بێت، کەچی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێی مەزهەبی و تایفی و حزبی.

هەرێمی کوردستان لە گەشەکردن ناوەستێت
ئه‌وانه‌ی پێیان وابوو هه‌رێمی كوردستان ته‌نها كاروانسه‌رای شه‌ڕه‌یاخود به‌ره‌یه‌كه‌ له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ دژ به‌ داعش و دوای ته‌واوبوونی جه‌نگی دژ به‌ تیرۆریستان، ئیتر هامشۆكان ده‌وه‌ستن به‌ هه‌ڵه‌دا چوون، به‌ڵكو هه‌رێم كاره‌كته‌رێكی گرنگی ناده‌وڵتییه‌ و ڕووی دیپلۆماسی جیهانی لێ وه‌رنه‌گێڕدراوە تا ئەم چركەساتەش.
بۆیە قەوارە سیاسی و دەستوورییەکەی هەرێمی کوردستان بەم گووشار و پیلانانە، نە تێک دەشکێت و نە لە گەشەش دەکەوێت. تەنیا هێندە گرنگەیەکدەنگ و یەکڕەنگ بەرەوڕووی ئەم قەیرانە دروستکراوانە بوەستینەوە و “مووچە” نەبێتە هۆکارێک بۆ بێهێزکردنی ناخ و دەروونمان. بە دڵنیاییەوە ئێمەی کورد قۆناغی لەمە سەختتر و بێهیواترمان بڕیوە، بۆیە گەر خاوەن ئەم گەلە بوێر و سەبوورە بین، ئاسۆی “کوردستانێکی خۆڕاگر” و گەشەسەندوو نێزیکە.