سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: پێویست دەکات لایەنە کوردستانییەکان بەرامبەر بە نەناردنی شایستەکان و سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی ھەرێم، یەکگرتوو بن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کوردستانیان لەو سیاسەتەی بەغدا نیگەرانن کە بۆ برسیکردنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات، ئەوانەی داوای ڕادەستکردنی نەوتیان دەکرد ئێستە بێدەنگن و مووچەخۆرانیش ھاواریان لێ ھەستاوە و دەڵێن: ئێستە بۆ ئەو کەس و لایەنانە داوای مافی خەڵکی کوردستان ناکەن؟ بەڵام دیارە داردەستی لایەنی دەرەکی بوون بۆ لاوازکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان. فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات، بڕینی مووچە و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان، بریتییە لە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی ھەرێم و پەشیمانبوونەوەیە لە ڕێککەوتنەکان. پەرلەمانتارێکیش، دەڵێت: کێشەی کوردستان لەگەڵ عێراق تەنیا مووچە نییە.

لەپێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی ھاووڵاتییان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن و دانووستاندن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی ئامادەیە و لەبارەی نەوت و داھاتی ناوخۆشەوە وردەکاریی تەواوی داوەتە حکوومەتی فیدراڵی.
ڕۆژی پێنج شەممە ٧ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند، نەناردنی شایستە داراییەکانمان وەک لە بودجەی فیدراڵدا ھاتووە، لەلایەن بەغداوە، زیان بە ھاووڵاتییانمان دەگەیەنێت.
ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ ئەرک و مافیان ھەیە، حکوومەتی ھەرێم ئەرکەکانی خۆی بە زیادەوە بەرامبەر حکوومەتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە و بەپێی دەستوور و لە چوارچیوەی دەستوور ھەنگاوی ناوە، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق نە بەپێی دەستوور جووڵاوەتەوە و نە پابەندی ڕێککەوتنەکان بووە، حکوومەتی عێراق سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پێدانی مووچە بە قەرز بە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و نەناردنی پشکی کوردستان و جێبەجێنەکردنی یاسای بوودجە پەیڕەو دەکات.
جێبەجێکردنی یاسای بودجە بەلاوە نراوە و چارەنووسی بەشە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانیش دیار نییە. حکوومەتی عێراق بۆ سێ مانگ بڕیاری داوە بە قەرز پێنج سەد ملیار دینار بنێرێت، لە کاتێکدا لە ھیچ ماددەیەکی دەستوور یاسای کارگێڕی و ئابووری و یاسای بودجەش نەھاتووە حکوومەتی عێراق بە قەرز مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بدات.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە شازدە ترلیۆن و چوار سەد و نەوەد و حەوت ملیار و ھەشت سەد و حەفتا و یەک ملیۆن و ھەشتا و نۆ ھەزار دینارە، بەپێی دەستوور، حکوومەتی فیدراڵ پابەند کراوە دەبێت پشکی ھەرێمی کوردستان بنێریت، بەڵام بەغدا ئەوە ناکات و ھەوڵ دەدات وەکو پارێزگا و قەزا و ناحییە مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە بە تێکرای ڕۆژانە ھەشتا و پێنج ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵ کراوە، کەچی تائێستە نەک مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی نەناردووە تەنانەت خەرجی دەرھێنانی ئەو نەوتەشی وەریگرتووە نەیداوە.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، فراکسیۆنەکە جەخت لەسەر بنەمای یەکڕیزی و یەکگرتوویی لایەنە کوردستانییەکان و ڕێزگرتن و قبووڵکردنی بەرامبەر دەکاتەوە.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ھەروەھا داوای لە پارت و ھێز و فراکسیۆنە کوردییەکان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر مەترسی و ئاڵنگارییەکی دژ بە ھەرێمی کوردستان یەکگرتوو بن، چونکە تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی بەھۆیەوە ھەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش کرد، لەو بارودۆخ و پێشھاتەدا، پێویست دەکات لایەنە کوردستانییەکان یەکگرتوو بن بەرامبەر بە نەناردنی شایستەکانی ھەرێمی کوردستان و سیاسەتی برسیکردنی ھەرێم.
فراکسیۆنی پارتی سەرنجی بۆ ڕووداوەکانی کەرکووکیش ڕاکێشا و ڕایگەیاند، ئەوەی بەرامبەر بە مووچە و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەوەی لە کەرکووک ڕوویدا، پیلانگێڕی بوو، ھاوکات پەشیمانبوونەوە بوو لە ھەموو ئەو ڕێککەوتنانەی بۆ پێکھێنانی حکوومەت کرا بوون.
پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی مووچەوە، دەڵێت: نۆ سەد و شەش ملیار دینارمان بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان پێویستە و نەدەبوو حکوومەتی فیدراڵی ئەو بابەتە تێکەڵی ھیچ بابەتێکی دیکە بکات.
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: دەبوو وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق کە ئێستە مووچەی مانگی ئەیلوول وەردەگرن، مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بنێردرێت و ئەوانیش مووچەکانیان وەرگرتبا نەوەک لە چاوەڕوانیدا بمێنەوە.
لەبارەی ئەو پێنج سەد ملیار دینارەی کە بۆ سێ مانگ بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێردرێت، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: حکوومەتی فیدراڵی چەندین مانگی دیکەی ئەمساڵیان لەنێو پلانەکانیان لاداوە و باسیان نەکردووە، ھەروەھا نەشیانگوتووە بۆ ئەو چەند مانگە مافی ھەرێمی کوردستان چەند بووە.
پێشەوا ھەورامانی، گوتیشی: ھیواخوازین بە ھەر جۆرێک بێت، پێداچوونەوە بەو ژمارانە بکرێت کە باس دەکرێن و پێداچوونەوە بەو بڕیارانەش بکرێت کە بەرانبەر ھەرێمی کوردستان دەدرێن.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی بواری سیاسی، ڕایگەیاند: ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و ھیچ بیانوویەکی بۆ حکوومەتی عێراق نەھێشتووەتەوە، بەڵام حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بەردەوام مافی ھەرێمی کوردستانیان پێشێل کردووە، بەردەوام بە بیانووی جیاواز بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستانیان بڕییوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئەقڵیەتێک ھەیە لە بەغدا بە ئاراستەی سزادانی ھەرێمی کوردستان ھەنگاو دەنێت.
دەشڵێ: لەناو ھەرێمی کوردستان ھەندێک کەس و لایەن دژی خەڵک و حکوومەتەکەی خۆیان دەوەستنەوە و ھاوئاوازی ئەو گرووپ و لایەنانەی بەغدایە کە دژایەتیی ھەرێم دەکەن و دڵیان بەوە خۆشە کە بەغدا مووچە نانێرێت، ھەر ئەوانەش بوون فشاریان دەکرد، بۆ ئەوەی حکوومەتی ھەرێم ھەموو شتێک ڕادەستی بەغدا بکات، ئێستەش کە حکوومەتی عێراق قووتی خەڵکی ھەرێمیان بڕیوە بێ دەنگن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت داردەستی لایەنی دەرەکینە بۆ لاوازکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان.
شوان کەلاری، پەرلەمانتاری عێراق، دەڵێت: لەنێو شیعەکاندا کێشەی گەورە ھەیە، ڕەنگە دەستوەردانی دەرەکیش ھەبێت، بۆ ئەوەی خاڵێکی ھاوبەش بدۆزنەوە تا کێشەکانیان وەلابنێن دێن لە کورد و کوردستان دەئاڵێن و لە کەرکووک کێشە دروست دەکەن بۆ کپ کردنی کێشەکانی خۆیان، لە خەیاڵدانی ئەوان فشارکردن لە کورد و کوردستان بە دەستکەوت دەزانن.
کەلاری، ئاشکراشی کرد: بەشێک لە بەرپرسانی بەغدا پەشیمان بوونەوەیان لە بەڵێنەکانیان و ناڕاستی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان بە عەیبە نازانن، بەڵکو بە سەرکەوتنی دەزانن، بەپێی یاسا و دەستوور مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ھیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ مووچەخۆرانی پارێزگاکان نییە، کەچی لە بەغداوە پلان دادەنرێت بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، لە ھیچ شوێنێکی دونیادا نییە بودجە لەسەر خەرجی ڕاستەقینە خەرج بکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کێشەی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی تەنیا مووچە نییە.