وەزارەتى خوێندنى باڵا ماوەى پێشکەشکردن بۆ زانکۆ و پەیمانگەکان لە رێگەی زانکۆلاینەوە بۆ ماوەی 48 کاتژمێر درێژکردەوە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى بۆ ئەوانەى تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین) یان پڕنەکردۆتەوە یان تەواویان نەکردووە، بڕیاردرا ماوەى زانکۆلاین (48) سەعاتى دیکە واتە تا سەعات (12)ی شەوى رۆژى پێنجشەمە رێکەوتى (2023/9/14) بۆ دەرچووانى قۆناغى دوانزەى ئاماەیی درێژبکرێتەوە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا راشیگەیاندووە، لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووانى ئەمساڵ، کە بەهەر هۆکاربێت نەیانتوانیوە فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتەو فۆرمى زانکۆلاین تەواو بکەن، هەروەها دەرچووانى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانیش بەهەمان شێوە دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و لەو 48 کاتژمێرەدا فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە، دەرچووانى ساڵانى رابردووش بەتایبەت ئەو دەرچووانەی پێش ساڵی 2014 کە ژمارەیان (719) دەرچووە و ناوی خۆیان لە وەزارەتی پەروەردە تۆمارکردووە و داتاکانیان ئەپلۆدی زانکۆلاین کراوە بەمەبەستی پێشکەش کردنییان بۆ خوێندنی ئێواران، بەهەمان شێوە دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و لەماوەى ئەم 48 کاتژمێر فۆڕمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە. 

وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە دوایین دەرفەتە و چیتر ماوەى زانکۆلاین درێژناکرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی دەکەین، کە تا ئێستا فۆڕمى زانکۆلاین یان پڕنەکردۆتەوە، پێویستە لەو ماوەیەدا پەلەبکەن و تەواوى هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوە و تەواوکردنى فۆرمى زانکۆلاین.