سەد و بیست و دوو هەزار زیارەتکار لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی نەجەف و کەربەلایان کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کۆتایی بە پرۆسەی پێشوازیکردن لە زیارەتکاران ھات، لە ماوەی ٢٣ ڕۆژدا زیاتر لە سەد و بیست و دوو ھەزار زیارەتکار لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی نەجەف و کەربەلایان کردووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی لیژنەی باڵای پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن، بە مەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دابینکردنی پێداویستیی بۆ زیارەتکاران لە ھەرێمی کوردستان، چوار وێستگەی پشوودان لە ھەرێمی کوردستان دامەزران، کە دوو وێستگەی سەرەکی و دوو وێستگەی لاوەکی بوون و چەندین تیم و ستافی پسپۆر و شارەزا و تایبەتمەند و کارگوزاری دەزگاری خێرخوازیی بارزانی بە ھەموو پێداویستییەکانی لۆجستیکیی، کەلوپەل، ئامێر، ئالیات، کابینە، ئامبولانس، داودەرمان، خۆراک و نان خواردن و ئاوی خواردنەوە جێگیرکرابوون.
لیژنەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە سنووری ھەموو بەڕێوەبەرایەتی ناحییەکان و قایمقامیەتەکان، تیمی ھاوبەشی فریاگوزاری بەشێوەی ٢٤ کاتژمێری بە مەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ھەنوکەیی لە کاتی پێویست دا جێگیرکردبوو، وێڕای جێگیرکردنی وێستگەی گەڕۆک.
لیژنەی ناوبراو، ڕوونیشیکردووەتەوە، بە گشتی ئاماری ھاتن و چوونی زیارەتکاران لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە ماوەی ٢٣ ڕۆژدا، سەد و بیست و دوو ھەزار و پێنج سەد و پەنجا و شەش کەس بوون.
زیارەتکاران لە وڵاتانی وەکو ئێران، تورکیا، ئازەربایجان، ڕووسیا، جۆرجیا و کازاخستان لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە ھاتبوون.
ئاماری ئەو زیارەتکارانەی کە بەھۆی نەخۆشی و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی سەردانی بنکە و تیمەکانی تەندروستییان کردبوو شەش ھەزار و سێ سەد و شەست و شەش نەخۆش بوون.