کۆدەنگییەکی بەهێز لە هەرێمی کوردستان دژی پێشێلکارییەکانی حکوومەتی عێراق دروست بووە

ئەگەرچی هەموولایەک چاوەڕوانی ئەوە بوون، دوای تێپەڕاندنی یاسا ٣ ساڵییەکەی بودجەی عێراق، لە پەرلەمانەوە، کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدراڵی لە بابەتی بودجە و ناردنی شایستە داراییەکان بۆ هەرێمی کوردستان چارە ببن، بەتایبەت لە کاتێکدا فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق هاوکار بوون لە تێپەڕاندنی یاساکە و ئەوکات فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق باسیان لەوەکرد لە پێناو چارە کردنی گرفتەکان و بەرژەوەندیی گشتی و پرۆژەیاساکەیان پەسەند کردووە، بەڵام لە ئەنجامدا هاوکێشەکە گۆڕا و کێشەکان قوڵتر بوونەوە دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق لە جێبەجێ کردنی پرۆژەیاساکە بەرامبەر هەرێمی کوردستان هەڵوێستی گۆڕی.

لێدوانی جیاواز و یاری کردن بە کات
ئەوەی ئێستا دۆخەکەی لە بەردەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاڵۆز کردووە، لێدوانە جیاواز و ناڕوونەکانی بەرپرسانی عێراقە لە بابەتی ناردنی شایستە داراییەکان، بە شیوەیەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شییاع سوودانی کە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بووە، پێداگرە لەسەر پابەندبوونی حکوومەتەکەی بە پرۆژەیاسای بودجە. بەڵام لەبەرامبەر ئەودا، وەزیری دارایی عێراق و کوتلە جیاوازەکانی پەرلەمان، بە تایبەت ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لێدوان و هەڵوێستی جیاوازیان هەیە و وای دەردەخەن ئەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبووە، بێ ئەوەی بە ژمارە و بەڵگە بۆچوونەکەیان بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بخەنەڕوو. تەنانەت بە وتەی هەندێک لە پەرلەمانتارە دژبەرەکانی کوردستان، باس لەوە دەکەن ناردنی پارە بۆ مووچە خۆرانی هەرێم وەک قەرزێک دەدرێت بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا هیچ بڕگەیەک لە پرۆژەیاسای بودجە باس لەوە نەکراوە. ئەمەش بەڕای چاودێرانی سیاسی، وەک سیاسەتی یاری کردن بە کات لێک دەدرێتەوە، کە ئەمەش پیلانێکی دیکەی لە پشتەوەیە بۆ لاواز کردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی متمانەی خەڵکی کوردستان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ناچار کردنیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و تەسلیم بوون بە ئەمری واقعی بەغداد.
وەڵامدانەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ڕوونکردنەوە و لێدوانەکانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەرخەری ئەوەن ژمارە و داتاکان ببنە دادوەر باری حکوومەتی عێراق زۆر لاسەنگ دەبێت. پێشەوا هەورامانی، وتەبێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی لێدوانێکی وتەبێژی حکوومەتی عێراق، ڕایگەیاندووە؛ دوایین بڕە پارە کە بڕیاری لێدراوە، پێنج سەد ملیار دینارە بە شێوازی قەرز. ئەوان دەڵێن داهاتی ئێمە بریتییە لە سێ سەد و بیست ملیار دینار، ئەگەر ئەم دوو بڕە پارەیەش کۆ بکەینەوە هێشتا ناکاتە کۆی گشتیی شایستەی مانگانەی هەرێم کە دەکاتە یەک ترلیۆن و سێ سەد و حەفتا و پێنج ملیار دینار کە لەیاسای بودجەدا هاتووە. ئەوەش دەخاتەڕوو، هەرێمی کوردستان بەپێی خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣، شایستەی شازدە ترلیۆن و چوار سەد و نەوەد و هەشت ملیار دینارە کە مانگانە دەکاتە یەک تریلیۆن سێ سەد و حەفتا و پێنج ملیار دینار، لەم بڕە مانگانە نۆ سەد و شەش ملیار دیناری تەرخانکراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە. بەڵام لە ٢٠٢٣/١/١ تا ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنها بڕی دوو ترلیۆن و پێنج سەد و نەوەد و هەشت ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کردووە، کە چوار سەد ملیاری ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی یانزە و دوانزەی ساڵی ٢٠٢٢، لە کاتێکدا بە پێی خشتەکانی یاسای بودجە تا مانگی هەشتی ساڵی ٢٠٢٣ بڕی یازدە ترلیۆن تەرخانکراوی هەرێمی کوردستانە.
دەشڵێت: لە ٢٠٢٣/١/١ مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە پێی ژمارەکانی هاتوو لە خشتەکانی یاسای بودجە، لە کاتی خۆیدا دابەش کراوە، کەچی تەنها بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێوەری ئینفاقی فیعلی پەیڕەو کراوە کە لەمەشدا کار لەسەر ڕێکارێکی جیاواز کراوە ئەویش میکانیزمی قەرزە، کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی عێراق ئەمە ڕووی نەداوە بە قەرز ماف و مووچە بدرێتە فەرمانبەر، بەڵكوو مووچەی مووچەخۆران بە پێی شایستەیی خۆیان دابەش کراوە.

کوردستانیان لە پێشێلکارییەکان نیگەرانن
ئەوەی ئێستە هەستی لە هەرێمی کوردستان هەستی پێدەکرێت، بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو، کە حکوومەتی عێراق بە تۆمەتی پابەند نەبوونی هەرێمی کوردستان، بەربەستی دەخستە بەردەم ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و تا ڕادەیەکیش لە کوردستان دەنگی ناڕەزایی لە نێو خەڵکدا دروست دەکرد. بەڵام ئێستو هاوکێشەکە پێچەوانەیە و تەنانەت دەنگە ناڕازییەکان و کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان لە لێدوانەکانیاندا ناتوانن نکۆڵی لەوە بکەن، حکوومەتی عێراق پێشێلکاری دەکات. لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا هەزاران هاونیشتیمانی لە دهۆک بۆ پاڵپشتی لە دۆخی کوردانی کەرکووک و پاڵپشتی حکوومەتی عێراق و ئیدانە کردنی پێشێلکارییەکانی حکوومەتی عێراق ڕژانە سەر شەقام.