هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

خالید ساڵح:یاریکردن بە دەستوور ئاشتی لە وڵاتدا ناهێڵێت

لەمیانی مەراسیمی کتێبی نەخشەڕێگەیەک بەرەو ئاشتی ، کە لەنووسینی کۆمەڵێک نووسەری ناوخۆیی و بیانییە و باس لە ڕووداوە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، د. خالید سالح، سەرنجی خۆی دەربارەی دەستوور و عێراقی نوێ خستەڕوو کە ئەمە پوختەکەیەتی :

لەکاتی سەرلەنوێ دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراق، دەرفەتێکی زۆر تایبەت بۆ کورد لە کوردستانی عێراقدا ڕەخسا. لە هەموو گۆڕانەکانی پێش ٢٠٠٣دا، لە گوڕینی حکوومەت بێت، لە چەک پەیداکردن بێت، لە دۆزینەوەی نەوت فرۆشتن بێت، گەلی کوردستان زەرەرمەندی یەکەم بوو.
٢٠٠٢-٢٠٠٣ بۆ یەکەمجار هەلێک هاتەپێش، گەلی کوردستان بە هەموو پێكهاتەکانییەوە زەرەرمەندی یەکەم نەبوون؛ بەڵکو دەستپێشخەری گۆڕینێکی تایبەت بوو بۆ سەرلەنوێ دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراقی. خاڵی هەرە سەرکی و گرنگ ئەوەبوو کە لە دێسەمبەری ٢٠٠٢دا، نوێنەرانی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقیدا، ڕێککەوتن لەسەرئەوەی کە دەوڵەتی پاش سەدام حوسێن دەبێت دەوڵەتێکی فیدراڵی بێت. حکوومەتی ئەوکاتەی ئەمریکا نوێنەری نارد و لەسەر ئەو داوایەی کورد لە لەندەن لەسەر عێراقێکی فیدراڵی ڕێککەوتن، بەڵام بەبێ دیاریکردنی ناوەڕۆکی.
لە ٢٠٠٣ کە شەڕی لابردنی سەدام حوسێن دەستی پێکرد، ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین ئازادکردنی عێراق و هەندێک کەس پێی دەڵێن داگیرکردن، لە کوردستان زەمینەیەکی زۆر لەبار هەبوو، ڕیزی کوردستان یەکبوون لە بۆچوونیان بەرامبەر ئایندەی عێراق. بەرامبەر ڕۆڵی سەرکردایەتیی کوردستان لە عێراق. لەو قۆناغەدا سەرکردایەتیی کوردستان، پێشنیازی مۆدێلێکی کرد کە لە دروستکردنی دەوڵەتدا کە پێی دەڵێن مۆدێلێکی سەر بە واقیعی. زۆربەی کات کە مۆدێلی دروستکردنی دەوڵەتی نوێ دەست پێدەکرێت هیوایەکی خەیاڵی هەیە کە بتوانی کۆمەڵێک خەڵک پێک بهێنیت و نەتەوەیکی پێ دروست بکەیت.
گرفتی سەرەکیی عێراق ئەوە بوو، ئێستاش ئەوەیە، میللەتێک نییە بەناوی عێراق، بەڵکو دەوڵەتێک هەیە بەناوی عێراق و پێکهاتەی جیاوازی هەیە. لە سەرەتادا کە بەریتانییەکان و شا ی ئەوکاتەی عێراق ڕێککەوتن، بۆچوونی میللەت و گەلی عێراق دەستی پێکرد. بەڵام کاتێک کە بەریتانییەکان ویستیان دەوڵەت دروست بکەن، بەشی زۆری ئەوانەی خوێندەوار و بیرۆکرات بوون سووننە بوون. لەبەرئەوە دروستکردنی دەوڵەتی عێراقی بە پێکهاتە و پێناسەی خەڵک و گەلی عێراقی بەرە و سووننی عەرەبی چوو تا ئەوکاتەی بە ئەنفال کۆتایی هات. ئەمە ئەزموونێکی زۆر تاڵ بۆ گەل و سەرکردایەتیی کوردستان.
لەبەرئەوە کە هەلی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەوڵەتی عێراقی هاتەپێش، داوای سەرەکی نوێنەرایەتیی کوردستان ئەوە بوو کە دەبێت لە واقعی وڵاتەکەوە دەست پێبکەین، نەک کێ عێراقی بێت، عێراقی کێیە و چۆن پێناسەی بکەین، بەڵکو دەبێت پێکهاتەکانی ڕێک بکەون. لەوکاتەدا کە پرۆسەی سەرلەنوێ نووسینی دەستوور دەستی پێکرد، ئەوە خۆی لە خۆیدا بووە ڕێککەوتنێکی ئاشتی لە عێراقدا. لەوکاتەی کە سازش لەسەر داڕشتنەوەی دەوڵەتی عێراقی دەکرا، نووری مالیکی لە چ گروپێکدا بوو بەشداری چ جۆرە مفاوەزەیەکیان دەکرد ئەوکاتەی لە دەوروبەری ئەوانەی کە خەریکی نووسینەوەی دەستووری عێراقی بوون، هەرلەبەرئەوەش وردە وردە مالیکی کرا بە سەرۆکوەزیران. بەڵام لە سەرەتادا (شا)مان دروست کردەوە و دەسەڵاتدارمان دروست کردەوە و دوایی بوونە هەڕەشە و هێرش بۆ سەر کوردستان. لە مۆدێلی پێکەوژیان و فیدراڵیزمی عێراقی، دیارە هێزی شیعە بەرەو پیناسەیەکی تازەی عیراق دەڕوا، بە شیعەکردنی عێراق دەست پێدەکات. وردە وردە کە دەوڵەتی عێراقی دروست کرایەوە و ئێمە زۆرجار پیی دەڵێین مەرکەزی، بەڵام هێشتا فیدراڵیە چونکە نوێنەرمان لە بەغدا هەیە و سەرکۆمار بەشی کوردە و وەزیری دەرەوە کوردە و وەزارەتمان هەیە، بەڵام دەسەڵات هەتا دێت کەم دەبێتەوە.
پرسی سەرەکی ئەوەیە ئایا ئەو ئاشتی و ڕیککەوتنەی لە دەستوردا کرا، تا چ ڕادەیەک بە داڕشتنەوەی دەوڵەتی عێراقی و سەرلەنوێ دروستکردنی دەپارێزرێت؟ من پێم وایە، زۆرجار جەخت لەسەر بودجە و جەخت لەسەر مووچەی پێشمەرگە و ڕیککەوتنی نەوت دەکەین، بەڵام لە بۆچوونی شیعە لە عێراقدا، دەیانەوێ بەردی بناغەی ڕێککەوتنی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەوڵەتی عێراق بگۆڕن. توشی ئەوەمان دەکەن لەسەر بودجە مفاوەزە بکەین، لەسەر هێنانی هەندێک چەک سازش بکەین. لە ڕاستیدا ئەوان دەیانەوێت ئەو ئاشتیەی لەسەری ڕێککەوتبووین لەگەڵ شیعە و سووننەدا، نەمێنێت. ئیستا ئەوان لە مۆدێلی واقیعی عێراقیەوە دیسان خەریکە بیبەنەوە سەپاندنی مۆدێلێک لە خەیاڵی خۆیاندا هەیە. ئەگەر لە بۆچوونی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەوە، کە کاک نێچیرڤان بوو، سەیری بکەین، پێکهاتەی حکوومەتی یەکەمی زۆر پێوە دیار بوو کە چەند گرنگ بوو، وەزیرەکان دادەنیشتن ڕەنگدانەوەی ئەو دەستپێشخەرییە بوو کە دەبێت بەشداریی هەموولایەک لە داڕشتنەوە و پێکهێنانی حکوومەت و ئامادەکردنی کوردستان بۆ قۆناغی داهاتوو دەبێت هەموو بەشداربین، زۆرجار دەمانوت جێگا نابێتەوە، بەڵام لای ئەو زۆر گرنگ بوو هەمووان بەشدار بن و هەست بکەن ئەو پرۆسەیە بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانە و داوای ئەوان. لە هەمان کات ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق کە ئێستە پەشیمان بوونەوەی پێوەدیارە، ئێستە دیسان جەخت کردنەوەی ئێمە لەسەر گەڕانەوە بۆ دەستوور پێموایە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. زۆر کەس باس لەوە دەکات دەستوور بەسەرچووە، زۆرکەس باس لەوە دەکات بە ئاسانی بیگۆڕی، بەڵام ئەوە پرۆسەیەکی ئاسان نییە. گۆڕینی دەستوور و یاری پێکردنی تا ڕادەیەک ئاسانە دوای ئەوە میکانیزمی تایبەت هەیە ئەگەر هاتو جەختێکی زۆر بکرێت لەلایەن ئەو لایەنانەی کە بیانەوێت ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە عێراقدا لەبەریەک هەڵبوەشێننەوە چەند جارێک لەسەرمان دەکەوێت. لەبەرئەوە، بەشداریی کەسێکی وەکو سەرۆکی هەرێم ئێستە لەبەرئەوەی هەرێم بۆخۆی تەنیا ناوچەیەکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی فیدڕاڵی کە لە دەستووردا ددانی پیادانراوە، ڕۆڵی سەرەکی ئەو وەکو سەرۆکی هەرێم دەبێت لەوەدابێت دیسانەوە بگەڕێینەوە بۆ دەستوور بەو شێوەیەی کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و گۆڕینی ئەو میکانیزمە ئاسان نابێت، بەلام پێداچوونەوەی لە چوارچێوەی دەستووردا مەجالێکی زۆر دەدات بەوەی کە سەرلەنوێ ئێمە بەخۆماندا بچینەوە، بۆئەوەی کە نوێنەرایەتی کورد دیسان بتوانێت ئەو دەستپێشخەرییە لە ڕێی سەرۆکی هەرێمەوە بکات، تەبایی ناوخۆیی مەرجی یەکەم دەبێت. ئەگەر بیرتان بێت ٢٠٠٢-٢٠٠٣ تا ٢٠١٢ تەبایی کوردستان هێزێکی زۆری دا بەو ڕێککەوتنانەی لەسەر ئاستی عێراق کرا. لەوە بەدواوە ناتەبایی بووەتە گرفتی سەرەکی بەکارهێنانی هێزی حکوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان. لەبەرئەوە ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم، زۆر گرنگ دەبێت لەوەی کە لە هەڵبژاردنی داهاتوو هەنگاوێکی ئەوتۆ بنرێت تەبایی ناوخۆیی ئەوەندە بەهێز بکرێتەوە کە ئێمە بڵێین ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ گەڕاوەتەوە و هیوایەکی زۆرمان بەوە هەبێت دیسان بتوانین بگەڕێینەوە سەر هەندێ بنەمای دەستووری کە ڕێککەوتنێکی ئاشتیانەی عێراقێکی نوێ بوو، بەڵام لە زۆر وڵاتدا کە مۆدێلەکە یاری پێدەکرێت تۆ ناتوانی ئاشتی کۆمەڵایەتی خۆت بپارێزی ئەگەر هاتوو لایەنی دەستووری و ئیداری و یاساییت لە دەستدا. لەبەرئەوە بۆ بەهێز کردنی ئەو پەیامەی سەرۆکی هەرێم گەڕانەوە بۆ تەبایی لەناو هێزی کوردستاندا هەنگاو و پێداویستی یەکەم دەبێت.