ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، بکەری تەقینەوەکەی شەقامی 60ـی هەولێر لە رۆژی هەینی (1ـی ئەیلوولی 2023) ئاشکرا دەکات.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، رووداوەکە تیرۆریستی بووە و لە ڕێگەی بۆمبێکی دەستکردی دانراو بە کێشی نزیکەی یەک کیلۆگرام لە ماددەی (پی ئی تی ئێن PETN) بووە. دوای لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاریی دروست دەرکەوت، کردەوەک لە لایەن کەسێکەوە ئەنجام دراوە بەناوی (زیاد جەلیل خەڵەف) کە ئەندامی تەڤگەری ئازادیی سەر پەکەکەیە و دانیشتووی ناحیەی تەکیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، بەمەبەستی ئەو کردەوەیە هاتووەتە شاری هەولێر و گەڕاوەتەوە ناحیەی تەکیە.
دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی 1ی ئەیلوولی 2023، لە شەقامی 60مەتریی شاری هەولێر لەسەر پردی پەڕینەوەی پیادەڕۆی نزیک مزگەوتی سپی تەقینەوەیەک ڕوویدا و جگە لە زیانی ماددی، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە.
دوابەدوای ڕووداوەکە لە لایەن تیمی پسپۆڕی تایبەتمەندی دامەزراوەکانمان لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەست بە پشکنین و لێکۆڵینەوەی ورد کرا، لە ئەنجامدا دەرکەوت، تەقینەوەکە کردەوەیەکی تیرۆریستیی بووە و لە ڕێگەی بۆمبێکی دەستکردی دانراو بە کێشی نزیکەی یەک کیلۆگرام لە ماددەی (پی ئی تی ئێن PETN) بووە. دوای لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاریی دروست دەرکەوت، کردەوەک لە لایەن کەسێکەوە ئەنجام دراوە بەناوی (زیاد جەلیل خەڵەف) کە ئەندامی تەڤگەری ئازادیی سەر پەکەکەیە و دانیشتووی ناحیەی تەکیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، بەمەبەستی ئەو کردەوەیە هاتووەتە شاری هەولێر و گەڕاوەتەوە ناحیەی تەکیە.
بەپێی فەرمانی دادگا، تۆمەتبار (زیاد جەلیل خەڵەف) بە ماددەی دووەم بڕگەی سێ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و بۆ ئەم مەبەستەش بەپێی تایبەتمەندیی شوێنی ڕووداوەکە فەرمانی دادوەر ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار لە پارێزگای سلێمانی کراوە بۆ دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی تۆمەتبار بە دەزگا ئەمنییەکانی شاری هەولێر تا ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە.