ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە مووچەی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە تا ئەمڕۆ نەنێردراوە، گوتیشی: ناکرێت لەبەرئەوەی دۆخی ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق یەکلایی نەبووەتەوە، ئێمە زەنگی خوێندن لێندەین.
وەک وەزیری پەروەردە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی پێدا، 13ـی ئەم مانگە زەنگی خوێندن لێدەدرێت، گوتیشی: مامۆستایان تا ئێستا مووچەی مانگی حەوت و هەشتیان وەرنەگرتووە و، نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە کاریگەری تەنیا لەسەر مامۆستایان نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر گشت فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.
راشیەگەیاند، “هەر کاتێک بەغدا پارەی مووچەی رەوانەکرد، ئێمەش هەمووی بەسەر مامۆستایانی خۆماندا دابەش دەکەین”.
ئالان حەمەسەعید روونیکردەوە، مامۆستایان و فەرمانبەران مافی خۆیانە داوای مووچە بکەن، گوتیشی: ئێمەش لە بەرەی فەرمانبەرانی خۆمانین، مافەکانی ئێمە ئێستا لەلای حکومەتی عێراقە، بەڵام ئەوان شایستە داراییەکان نانێرن.
روونیشیکردەوە، “دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دانەخراوە و بەردەوام دەبێت تا دەگەین بە مافی خۆمان”.
ئاماژەی بەوەشدا، پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی نەوتی دەفرۆشت و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ، مانگانە مووچەی دەدا، بەڵام ئێستا هەناردەی نەوت وەستاوە و داهاتیش رەوانەی بەغدا دەکرێت، بۆیە دەبێت هەمووان داواکارییەکانیان ئاراستەی بەغدا بکەن.
وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی عێراقی تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بە قەرز 500 ملیار دینار بۆ مووچە دەنێرێت، لەکاتێکدا ئەمجۆرە مامەڵەیە تەنیا لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا دەکات و لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەوجۆرە نییە، گوتیشی: لە سەردەمی هاتنی داعشیشدا، فەرمانبەرانی ئەو پارێزگایانەی لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون، مووچەیان بۆ رەوانە دەکرا.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند، بابەتی گرێبەستی مامۆستایانی وانەبێژ لەسەر پرسی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان ماوەتەوە. گوتیشی، لەسەر بابەتی یەكپۆشی كارگێری قوتابخانەكانی راسپاردووە رەچاوی دۆخی دارایی ھاووڵاتییان بكەن.
سەبارەت بە لێدوانێکی وەزارەتی پەروەدرەی عێراق کە رایانگەیاندبوو، پارێزگای دهۆک دووەم پارێزگایە لەڕووی نەخوێندەوارییەوە، ئالان حەمەسەعید گوتی: کاری وەزارەتی پەروەردەی عێراق و ئێمەش نییە، کە باس لە رێژەی نەخوێندەواری بکەین، چونکە هەموو تەمەنەکان لە چوارچێوەی قوتابخانە نین.
باسی لەوەشکرد، ئەوان پەیوەندیان بە وەزارەتی پەروەردەی عێراقە کرد و نیگەرانی خۆیانیان لەم “ژمارە فڕێدانە” پێگەیاندن و بە داتاش وەڵامیان داونەتەوە.