عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگە، دەڵێت: داوامان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە هاوکاریمان بکەن لە سەوزکردنی هەرسێ ناوچەکانی گەرمیان، باشووری دهۆک و خۆرئاوای هەولێر، چونکە مەترسیی بە بیابانبوونیان لەسەرە.
دوێنێ، عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانیدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، هۆشداریدا لە بە بیابانبوونی سێ ناوچەی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: ئامارێکی دیاریکراو بۆ هەبوونی ڕێژەی بە بیابانبوون لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام داوایان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە هاوکارییان بکەن لە سەوزکردنی هەر سێ ناوچەی گەرمیان، باشووری دهۆک و خۆرهەولێر، چونکە مەترسیی بە بیابانبوونیان لەسەرە.
گوتیشی: لە هەرێمی کوردستان چەند دەستکەوتێک لە بواری پاراستنی ژینگە بەدەستهاتوون کە لەناوچەکانی دیکەی عێراق نین لەوانەش، بەکارهێنانی گازی هاوەڵ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و سوودوەرگرتن لە وزەی پاک بۆ هەمان مەبەست.
عەبدولڕەحمان سدیق باسی لەوەکرد ئەوان پەیوەندییان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەیە و لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی ژینگە ئەندامن و لەبارەی هەماهەنگی نێوان دەستەی ژینگەی کوردستان و وەزارەتی ژینگەی عێراق، عەبدولڕەحمان سدیق گوتی: لە 15 رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی لە ئاستی ژینگەییدا ئێمە وەکو دەستەی ژینگەی کوردستان پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عێراق هەیە و نوێنەری ئێمە، ڕەزا خەیلانی لە هەموو کۆبوونەوەکانیاندا بەشداردەبێت.
کۆنفرانسی گۆڕانی کهش و ههوا (COP28) له کۆتایی مانگی 11 (تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ، له شاری دوبهی له ئیمارات ساز دەکرێت و هەر یەکە لە سهرۆكی دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وهزارهتی ژینگهی عێراق بەشداری تێدا دەکەن.
سەرۆکی دەستەی ژینگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: ئێمە و وەزارەتی ژینگەی عێراق لە هەموو دەستپێشخەرییەکی نێودەوڵەتی و دەرەکیدا پێکەوەین. تەنانەت لە ئامادەکردنی بەرنامەی بەشداریە نیشتمانییەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، لە ساڵی 2020ـەوە تاوەکو 2030 پێکەوە ئامادەمان کردووە و پێکەوە کارمان لەسەر کردووە و کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشمان هەر پەیوەست بوو بەو بابەتە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا، ئازاد نووری، بەڕێوەبەری هونەری لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: خۆمان بۆ کۆنفرانسی (+28) ئامادە دەکەین کە بڕیارە لە ئیمارات و لە دوبەی ببەسترێت کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکان دەبێت و دوو لیژنەی هەیە، لیژنەی باڵا لەگەڵ لیژنەی تەکنیکی، بۆیە زانیاری کۆدەکەینەوە و بڕیارە لە مانگی 11ی ئەمساڵ لە دوبەی ببەسترێت.
ئازاد نووری ئاماژەی بەوەش کرد: ئێستا داوای داتا و زانیاری لە هەموو وەزارەتەکان دەکەین بۆ خۆئامادەکردن، چونکە بڕیارە (+28) دەربارەی گۆڕانی کەشوهەوا ببەسترێت و ئێمەش وەکوو هەرێمی کوردستان بەشدارین، کە بە سەرپەرشتی ئەمەریکایە و نزیکەی 200 وڵات تێیدا بەشداری دەکەن.
نووری باسی لەوەش کرد: ئێمە ساڵی ڕابردووش بەشداریمان لە کۆنفرانسی جیهانیی گۆڕانی کەشوهەوا کرد کە 15 نوێنەری دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکانیش تێیدا بەشدارییان کرد.