عێراق گیرۆدەی گەندەڵییەکی زۆرە ئەو قەبارە زۆرە گەندەڵییەش لانی کەم لە ٤ ساڵی ڕابردوودا سەرئێشەیەکی زۆری بۆ عێراق هێناوەتە کایەوە، چەندین خۆپێشاندان لەو ماوەیەدا سەری هەڵداوە و عێراقی لە لێواری ڕووخان نزیک کردووەتەوە و هەر لەو ماوەیەدا سێ حکوومەت گۆڕدراون بەڵام تا ئەم ساتەش ویستی خۆپێشاندەران و شەقامی عەرەبی بەدی نەهاتووە و بە دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان و خستنەگەڕی مێدیا و سەرجەم دەزگاکان لەدژی، گەندەڵییەکانی خۆی سەرپۆش کردووە و شەقامی بەلاڕێدا بردووە.
حکوومەتی نوێی عێراق کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رۆڵی سەرەکی لە دامەزراندنیدا بینیوە، لە ڕابردوودا سەرکردەکانیان تۆمەتی زۆر گەورەی گەندەڵییان خراوەتە پاڵ، لە دۆخێکی تایبەتیدا دەرفەتی ئەوەیان بۆ هەڵکەوت ببن بە پاڵەوانی دامەزراندنی حکوومەتی ئێستای عێراق.
وەک ئاشکرایە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ی پەرلەمانی عێراق ساختەکارییەکی زۆری تێدا کرا و هەرئەوەش وایکرد لە ئاستی عێراقدا لایەنەکانی حەشدی شەعبی زۆرترین کورسی بەدەست بێنن و بەهۆی ئەوەی کە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکە لای خەڵک هیچ متمانەیەکی نەبوو، گەورەترین خۆپێشاندانی لە ساڵی ٢٠١٩ بەدواوە بوو و گوشاری جەماوەری خۆپێشاندەری ئەو کات، سەرۆکی حکوومەتی عێراقی ناچار کرد دەست لە پۆستەکەی هەڵبگرێت.
لە دوای عادل عەبدولمەهدی، حکوومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی دامەزرا و بەڵێنی ئەوە بە خۆپێشاندەران و شەقامی عێراقی درا هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت. لە ٢٠٢١ هەڵبژاردن کرا و هەر چەندە هەڵبژاردنەکە هەندێک کەم و کورتی هەبوو بەڵام بە یەکێک لە پاکترین هەڵبژاردنانەی عێراق هەژمار دەکرا.
حزبە کۆنەکانی عێراق و لایەنەکانی حەشدی شەعبی لە هەڵبژاردنەکەدا شکستێکی گەورەیان بەرانبەر بە سەدر بەرکەوت، ئەوان کە ئەو شکستەیان پێ قبووڵ نەدەکرا هەر لە دوای هەڵبژاردنەوە کەوتنە کارشکێنی و ڕایانگەیاند یان خۆشیان بەشدار دەبن یان یارییەکە دەشێوێنن.
موقتەدا سەدر کە زۆرینەی کورسییەکانی شیعەی بەدەستەوە بوو هەوڵێکی زۆری دا حکوومەت دابمەزرێنێت بەڵام بەهۆی کەمینەی پەکخەر و نەگەیشتن بە کۆکردنەوەی دوو لەسەر سێی نوێنەرانی پەرلەمان، نەیتوانی سەرکەوتوو بێت و وەک ناڕەزایەتی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بە سەرجەم پەرلەمانتارانی دەرکرد و ئەومەش وەک دەرفەتێک لە لایەن کەمینەی دۆڕاو قۆسترایەوە.
دادگای باڵای فیدراڵیش لەم پرسەدا هاوکاریی کەمینەی پەکخەری کرد و خێرا شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشانەوەکان بە نوێنەرانی حزبەکانی تر کە زۆرینەیان لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی بوون پڕ کرانەوە. ئەو گرووپانە دوای هاتنە دەرەوەی سەدر لە گۆڕەپانەکە بوونە زۆرینە و دەستیان بە رێکارەکان بۆ دامەزراندنی حکوومەتی عێراق کرد.
ئەو گرووپانە کە دواجار لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا کۆ بوونەوە بەڵێنی باشترکردنی دۆخەکەیان دا و لایەنە کوردستانییەکان و سوننە بەو هیوایەی ئەوانە بەڵێنەکانیان جێبەجێ دەکەن، لە دامەزراندنی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شییاع سوودانی یارمەتییان دا.
حکوومەتی ئیدارەی دەوڵەت کە کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی بە ئەستۆ گرت، خەڵکی عێراق چاوەڕوانی ئەوەیان لێی هەبوو دەست بەگەیاندنی خزمەتگوزاری و بنبڕکردنی گەندەڵی بکات، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئەو چاوەڕوانییەیان بەدی نەهێناوە و بۆ ئەوەی شەقامی عەرەبی بێدەنگ بکەن و بە پرسی تر سەرقاڵیان بکەن، خۆیان بە پرسی نەوت و پێوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بودجە و کەرکووک و دادگای پاریس و هەناردەی نەوت لە تورکیا و کۆمەڵێک دۆسیە سەرقاڵ کردووە و وای پێشان دەدەن عێراق هیچ کێشەیەکی نییە و خەڵکەکەی لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا دەژین و ویستەکانیان بەدی هاتووە و تەنیا ئەوە ماوە هەرێمی کوردستان لاواز بکەن و بیخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە.
حکوومەتی عێراق و تەنانەت دامەزراوە یاساییەکانی وەک پەرلەمان و دادگای باڵای فیدراڵی بە دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی هەرێمی کوردستان بە پارەی نەوتی بەسڕا ئەو پێشکەوتنەی بەخۆیەوە بینیبێت، پرسە گرنگەکانی عێراقی سەرپۆش کردووە و دەزگا میدیاکانیشیان بۆ بەلارێدابردنی سەرنجی شەقامی عێراق ڕۆڵێکی کارایان گێڕاوە.
دوایین ئاماری ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، دەیسەلمێنێت عێراق ساڵی رابردوو لە گەندەڵیدا لەنێو ١٨٤ وڵاتی جیهاندا، لە پلەی ١٥٦دا بووە. تا ساڵی ٢٠١٥ سەرووی ٤٥٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠ دۆلار لە داهاتی عێراق فەوتاوە و دزراوە. ساڵی رابردوو دۆسیەی گەندەڵیی سەدە ئاشکرا بوو کە لەسەر دەستی بەرپرسانی عێراق ڕووی دا و قەبارەکەی دەگەیشتە ملیاران دۆلار. کاتی خۆی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق خۆی ئاشکرای کرد کە تەنیا لە پڕۆژەی وەهمیدا بە قەبارەی ٣٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠ لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ تا ٢٠١٩ گەندەڵی کراوە و ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە مشتێکە لە خەلواری گەندەڵییەکانی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق کەچی پشت لە هەموو ئەو گەندەڵییانە کراوە و دەستیان بۆ بڕینی قووتی فەرمانبەرانی کوردستان بردووە.
ئەو هەمووە سامانەی عێراق هەیەتی، نازانرێ بۆچی خەرج دەکرێ و بۆ کوێ دەگوازرێتەوە، شاری بەسڕا کە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین شارەکانی جیهان هەژمار دەکرێ بەدەستی بێئاوی و نەبوونی خزمەتگوزاری و پیسیی ژینگەوە دەناڵێنێت، مادەی هۆشبەر تەواوی عێراقی داگرتووە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان پەرەیان سەندووە و خەڵکی عێراق هەژارتر بوون و گرووپە میلیشیاکان حوکمی وڵاتیان بەدەستەوە گرتووە. دەسەڵاتدارانی عێراق وازیان لە هەموو ئەو گەندەڵی و نەهامەتیانە هێناوە و بە دژایەتیکردنی کوردستان کە ئارامترین و ئاوەدانترین شوێنی عێراقە، خۆیان لە بەرپرسیارێتی دزیوەتەوە.