دوێنێ، مەحمود محەمەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە مونیارتزی مۆتسی، بەرپرسی بەشی سیاسیی ئۆفیسی یۆنامی، کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق و، پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ و، گرفت و ئاڵنگاریەکانی قۆناغەکە کرا و، مەحمود محەمەد، تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان نێوان هەولێر و بەغدا لە ڕێگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان، هەروەها مەترسیەکانی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکان و یەکلانەکردنەوەی ناکۆکییەکان و ئەو شێوازە حوکمڕانیەی کە عێڕاقی پێ بەڕێوەدەبردرێت خستەڕوو و، ڕایگەیاند کە ئەو مامەڵەیەی بەشێک لە دەسەڵاتدارانی عێڕاق بەرانبەر کوردستان دەیکەن بۆ برسیکردن و ئازاردانی هاووڵاتیان و ڕێگەگرتنە لە هەنگاوەکانی پێشکەوتن و ئاوەدانی هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئارامی عێراقدا نییە و هەموولایەک تێیدا زیانمەند دەبن.
سەبارەت بە هەلومەرجی ناوخۆی کوردستانیش مەحمود محەمەد، هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی خستەڕوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەهێزکردنی دامودەزگا شەرعیەکان و پڕۆسەی حوکمڕانی هەرێم، هاوکات باسی لە دەستپێشخەریەکانی پارتی کرد بۆ یەکڕیزی گەلی کورد و هێز و لایەنە کوردستانییەکان لە پێناو خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان و پتەوکردنی پێکەوەژیان و ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا، مۆنیارتزی مۆتسی، هاوڕایی خۆی ڕاگەیاند کە باشترین بژاردە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکان گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتنە.