دەرمانی کوالێتیی بەرز بە نرخێکی هەرزان بۆ نەخۆشخانە حکوومییەکان دابین دەکرێت

حکوومەت لە هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی بەردەوامە و دەرمانی کوالێتیی بەرز، بە نرخێکی هەرزان بۆ نەخۆشخانە حکوومییەکان دابین دەکات؛ لەو پێناوەشدا پڕۆژەیەکی هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای ناوخۆیی ڕاگەیاندووە.

پڕۆژەی هاوبەشی کڕینی دەرمان، بۆ بەناوەندییکردنی کڕینی دەرمانە لە نەخۆشخانە حکوومییەکانی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ئەمەش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان لە هەبوونی دەرمان و نەخۆش ناچار نەبێت لە دەرمانخانەکانی دەرەوە، بە نرخێکی بەرز بکڕێت.
د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەی هاوبەشی کڕینی دەرمان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: ”لە ڕێگەی تیمی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی وەزیران، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا بەدواداچوون بۆ پڕۆژەیەک کرا، ئەگەر بێتوو هەمان دەرمان بە هەمان نرخ و کوالێتی بۆ هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە یەک سەرچاوەوە بکڕرێت، دەرمان کوالێتیەکەی باشتر و هەرزانتر دەبێت، هەروەها گرێبەستەکەشی درێژخایەنتر دەبێت و زۆربەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکانیش دەتوانن بەشداربن، ئەم پڕۆسەیە دوای بەدواداچوونیکی باش کرا و لە ئەنجامدا نزیکەی ٢٧٪ـی نرخەکان دابەزێنران، واتە خەرجیی کەمبووە و کوالێتیەکەشی بەرزتربووە، ئێستا دەرمانەکان هەرزانتر دەکڕرێن و بەشێکی زۆریشی بەرهەمی کارگە و کۆمپانیا ناوخۆییەکانە.”
ئەم پڕۆژەیە ١٥٦ جۆری دەرمان ”کە بەشێکیان دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەن و سەرەکییەکانن” بە کوالێتییەکی بەرز دابین دەکات و دڵنیایی دەدرێتە نەخۆشان کە لەمەودوا دەرمان بە نرخێکی گونجاو لە نەخۆشخانە حکوومییەکان بەردەست دەبێت.
د.سامان بەرزنجی، باسی لە کورتهێنانی دەرمان کرد و ڕایگەیاند: ”ئەم پڕۆژەیە تا ڕادەیەکی باش کورتهێنان کەم دەکاتەوە، چونکە کورتهێنان پێشتر چەند هۆکارێکی هەبوو، یەكێك لە هۆکارەکان هەندێك جار کۆمپانیاکان گرێبەستیان تەواو دەبوو، تا گرێبەستێکی نوێ دەکرا ئەم ماوەیە کورتهێنان هەبوو، ئەمجارە گرێبەستەکە دوو ساڵە و ماوەیەکی درێژترە. هەروەها کێشەی نەختینە هەبوو هەندێك کۆمپانیا نەدەهاتنە نێو پڕۆسەکە و دەرمانییان بە حکومەت نەدەفرۆشت، لەبەر ئەوەی پێویستی بەوە هەبوو پارەکە کاش وەربگرێت.”
وەزیری تەندروستی ئەوەشی گوت: ”نامانەوێت تووشی کورتهێنان و بۆشاییەکی گەورەبین لە نەخۆشخانەکاندا و پڕۆسەی کڕینی دەرمان لە بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان ڕابگرین و یەکسەر دەست بکەین بە شێوازی نوێی گرێبەستکردن، چونکە ئەمە بۆشاییەك دروست دەکات. هاوتەریب ئێستا لەسەر سیستەمی کۆن بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی دەرمان بەشێوەی تەندەرینگ دەکڕن و لە هەمان کاتیشدا شێوازی نوێ دەیخەینە ناو پڕۆسەی دابین کردن، لە ماوەی داهاتوودا دابینکردنی دەرمان دەبێتە پڕۆسەیەکی زۆر باش بە شێوازی نوێی گرێبەستکردن و کێشەی دەرمان لە کەرتی حکومیدا نامێنێت.”
لەم پڕۆژەیەدا ١٠ کۆمپانیای ناوخۆیی بەشدارن، سەرجەم شایستە داراییەکانیان مسۆگەر کراوە و پڕۆسەکەش لە فروانبووندا دەبێت، ئەمە جگە لەوەی کە لەچوارچێوەی چاکسازیکردن لەو سێکتەرەدا، توانراوە بەرێژەی ٣٥٪ خەرجییەکان کەمبکرێنەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری