مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی: دەستەیەک لە عێراق پەیدابووە خۆی لەسەرووی دەستوور و هاوپەیمانی و ڕێککەوتنەکان دەبینێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە سەرووبەندی پێکھێنانی حکوومەت پارتی لەگەڵ ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، لەسەر چوار خاڵکی گرنگ ڕێککەوتن، کە دەبوایە لە نێوان سێ بۆ شەش مانگ جێبەجێ بکرایە، ئەوانیش کاراکردنەوەی ماددەی ١٤٠، پەسەندکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز، ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک و جێبەجێ کردنی یاسای بودجە، کەچی دە مانگە حکوومەت پێکھێنراوە ھیچ لەو خاڵانە وەکو خۆیان جێبەجێ نەکراون، بە پێچەوانەوە بەربەستی یاسایی و سیاسی بۆ ڕێککەوتنەکانی ھەولێر و بەغدا دروست دەکرێن. مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: عێراق سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان پەیڕەو دەکات.

بێ بەڵێنی و پێشێلکردنی ڕێککەوتن و یاساکان، لەلایەن دەستەڵاتدارانی عێراق زۆر دوا نەکەوت، ھەر زوو بۆ ھەموو لایەک ڕوونبووەوە کە عێراق لە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پشتگوێخستنی ماددەکانی دەستوور.
لە کۆی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، عێراق بڕیاری داوە مانگانە تەنیا پێنج سەد ملیار دینار بداتە مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ئەویش بە قەرز. ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، داوای لە حکوومەتی فیدراڵی کرد، شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بودجەدا ھاتوون، بۆ ھەرێمی کوردستان خەرج بکات.
لە ڕاگەیێندراوی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ھاتووە، پێویستە بەغدا مانگانە شایستە داراییەکانی ھەرێم بەپێی بودجە کە یەک ترلیۆن و سێ سەد و حەفتا و پێنج ملیار دینارە بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت، کە نۆ سەد و شەش ملیار دیناری تەرخانکراوی مووچەیە، بۆ ئەوەی حکوومەتی ھەرێم بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بدات.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، لە بەرامبەردا بەغدا پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکردووە، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە گوشارەکانی بەغدا لەسەر ھەرێمی کوردستان سیاسین. بە گوتەی چاودێرانی سیاسی ، ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان دەکرێت بە شرۆڤە و لێکدانەوەی میزاجییە بۆ یاسای بودجە، ئەوەی دەکرێت لە بەغدا بۆ لەناوبردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە، بەغدا ھێندە بەھێز نییە، بەڵام نەبوونی یەکدەنگی و یەکڕیزی کورد و یەک بەرەیی بۆ بەرگریکردن لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و مافەکانی خەڵکی کوردستان، وای کردووە کە بەغدا دژی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بوەستێتەوە.
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێ: ھەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت، عێراق سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان پەیڕەو دەکات، داواش لە لایەنەکان دەکەم بۆ بەرەنگاربوونی گوشار و قەیرانەکان و لەپێناو ھەرێمی کوردستان لاپەڕەیەکی تازە ھەڵبدەینەوە و یەکڕیز بین.
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: لە عێراق مەترسییەکی دیکەش پەیدا بووە ئەویش دەرکەوتنی دەستەیەکە کە خۆی لەسەروویی دەستوور و ھاوپەیمانی و ڕێککەوتنەکان دەبینێت، دەیەوێت لەسەرووی دامەزراوەکانی دەوڵەت ئیدارەی عێراق بکات.
د. نازم ئەحمەد، شارەزای بواری ئابووری، دەڵێت: ھەنگاوەکانی بەغدا دژی دەستوور و بنەماکانی مافی مرۆڤە، لەگەڵ ئەوەی پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنەیە کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراوە، سیاسەتی برسیکردنی نەتەوەیەک لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا دەچێتە چوارچێوەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، بۆیە لەسەر ھەرێم پێویستە سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان بگرێتەبەر.
دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییەکانی خۆی لە یاسای بودجە جێبەجێ کردووە، بەپێی یاسای بودجە دەبوایە حکوومەتی عێراق تەنیا بۆ مووچە مانگانە نۆسەد و شەش ملیار دیناری بۆ ھەرێم ناردبا، بەڵام ئەوەی ئێستە دەبینین بودجە و مووچە و تەواوی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان تەنیا لە پێنج سەد ملیار دینار کورتکراوەتەوە.
نەھرۆ ڕواندزی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ئەوەی لە ھۆلی پەرلەمان خۆی بە خاوەنی قەزییەی کوردی دەزانێت، تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە ھەموو بابەتەکان کە پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەبێت بەرگری لێ دەکەین، بەڵام بەداخەوە ھەندێک لایەنی کوردی ھەن، وایان دەزانی ئەگەر ھەندێک شت بکەن، ھەموو شتێک بۆ کوردستان دەکرێت، بەڵام وا دەرنەچوو.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: بەغدا دەیەوێت وەکو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات لە بەغدا شەڕێکی زۆرمان لە پێشە، ئەو شەڕە دەکەین و لێی ناکشێینەوە و بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین، بەڵام نەبوونی یەکڕیزی لەناو ماڵی کورد زۆر کێشەی بۆ ئێمە دروست کردووە، ئەگەر ئێمە یەک بین دەتوانین کێشەکان زۆر بە ئاسانی چارە بکەین.