گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک بە هێزی سەربازی و چەکی قورس گەمارۆدراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە ترسی خۆپیشاندان ھێزێکی زۆری ئەمنی بە چەکی قورسەوە لە گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکووک بڵاوەیان پێکراوە، بەجۆرێک شاری کەرکووکیان وەکو سەربازگەیەک لێ کردووە، ھاووڵاتییانی شارەکەش توشی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی زۆر هاتوون. پارتی داوا دەکات لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی کەرکووک بکرێت. پەرلەمانتارێکی پارتی لە کەرکووک، پێیوایە دەبێت چارەی بنەڕەتی کێشەکانی کەرکووک بکرێت، دەشڵێ: گەڕەکە کوردییەکان بەھێزی سەربازی تەنراون و ڕەوشەکە نزیکە لە تەقینەوەی جەماوەری.

ڕۆژی ٢ـی ئەیلوول، ژمارەیەک گەنجی کوردی دانیشتووی کەرکووک لە دژی داخستنی ڕێگەی سەرەکی ھەولێر – کەرکووک لەلایەن ھەندێک عەرەب و تورکمانی کەرکووکەوە خۆپیشاندانیان کرد، خۆپیشاندانەکە گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و ھێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەرە کوردەکان کرد.
لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار ھاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی “ھاوکار عەبدوڵڵا، ھەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر” بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان شەھید کران و ١٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ڕۆژی ٢٥ـی مانگی ڕابردوو، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی ڕاسپاردبوو لە ١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣ بارەگای سەرەکی پارتی لە کەرکووک چۆڵ بکرێت و ڕادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە، ئەمەش نیگەرانی لایەنە شۆڤێنییەکانی شارەکە لێکەوتەوە.
ڕۆژی ٣ـی ئەیلوول دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیاریدا بە ڕاگرتنی بڕیاری ڕادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان لە کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە و ڕادەستکردنەوەی بە پارتی تا کاتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە ڕادەگیرێت.
خەڵکی کەرکووک، دەڵێن: ئەوەی سوپای عێراق دەیکات بەو مانایە دێت کە گەڕەکە کوردییەکان دەبێت چۆڵ بکرێن، بەڵام تا یەک کورد مابێت گەڕەکە کوردییەکان دەمێنن. داواش لایەنە کوردستانییەکانیش چی دیکە بێ دەنگ نەبن و وەکو پارتی خۆیان بە خاوەنی کەرکووک بزانن، نەک لە کەرکووک بن و نەتوانن بە بەیاننامەیەکیش ناڕەزایەتی دەرببڕن.
ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کەرکووک بۆ دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ دەگەڕێتەوە، بەڵام بە داخستنی ڕێگەی سەرەکی کەرکووک – ھەولێر لەلایەن گروپێکەوە بە ئاشکرا بە دەرکەوت. لە ٢ی ئەیلوول گەیشتە لوتکە و بە خوێنی چوار شەھید و پازدە بریندار سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکان دانرا و دەنگی ناڕەزایەتی کورد زیاتر بەرزبووەوە.
نەجوا کاکەیی، نوێنەری خەڵکی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئاڵۆزیی لە کەرکووک بەردەوامە و ھێزی چەکدار گەڕەکە کوردنشینەکانی تەنیوە، ئەوەش جێگەی داخە لە بڕی جێبەجێکردنی دەستوور و چارەکردنی کێشەی کەرکووک پەنا بۆ ھێز ببرێت، ئێمە لە کۆبوونەوە لەگەڵ سوودانی بە ڕاشکاوی پەیامی خۆمان گەیاندە سەرۆکوەزیرانی عێراق و پێمان ڕاگەیاند پێویستە کێشەی کەرکووک لە بنەڕەتەوە چارە بکرێت بە پێچەوانەوە ڕەوشی کەرکووک لە تەقینەوە نزیکە و ئەمڕۆ یا سبەی بەو شێوەیە بەردەوام نابێت.
پەرلەمانتارەکەی کەرکووک، ئاشکراشی کرد: ھەرچەندە لەسەر پێشنیازی ئێمە ئەوانەی دەستگیرکرابوون ئازادکران، بەڵام ڕۆژانە ھێزی سەربازی و چەند ھێزێکی دیکەی میلیشیا لەنێو کەرکووکن و چاودێری ھاووڵاتییانی کورد دەکەن.
نەجوا کاکەیی، ئەوەشی گوت: پێویستە ڕەوشی کەرکووک چیتر پشتگوێ نەخرێت و بەگوێرەی دەستوور چارەی بنەڕەتی لە کەرکووک بکرێت، داوامان لە سوودانی کردووە پابەندبێت بەو کارنامە حکوومییەی حکوومەتی ئێستەی عێراقی لەسەر پێکھاتووە، لەوانەش کردنەوەی بارەگاکانی پارتی، چونکە پارتی وەک ھێزێکی ڕەسەنی عێراق بەپێی یاسا مافی خۆیەتی مومارەسەی خەباتی سیاسی خۆی بکات.
کاوە ئەحمەد، ئەندامی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: ئەڵتەرناتیڤی ڕێگریکردن لە چوونەوەی پارتی بۆ شاری کەرکووک و وەرگرتنەوەی بارەگاکانی، بریتییە لە پەنابردن بۆ ھێزی نەرم کە خۆی لە جووڵانی شەقام دەبینێتەوە، ھەروەھا دانوستاندن بەردەوام بێت لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، جگە لەوەش ھێزی دیبلۆماسییەتی نێوخۆیی عێراقی و ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆیان ببینن، بەتایبەت جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ی دەستووری عێراق کە ئێستە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا دەکەن چالاک بکرێتەوە.
سەبارەت بە چۆنییەتی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە ئەو بەرپرسەی پارتی، گوتیشی: ھەریەکە لە سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، حزب و لایەنە کوردستانییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە و کەرکووک بکرێتە خالێ ھاوبەشی کۆکردنەوەی سەرجەم حزبەکان.
کاوە ئەحمەد، ئەندامی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەشڵێ: پەنجا و چوار پۆستی کورد کە خۆی لە پۆستی پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و چەندین بەڕێوەبەری گشتی دەبینێتەوە، لەگەڵ سی و دوو پۆستی ئەمنی لە شارەکە دەستی بەسەرداگیراوە کە ئیستحقاقی کوردە.