سەرۆكی یەكێتیی زانایان: ئه‌وه‌ی ‌به‌غدا به‌رامبه‌ر به‌ فه‌رمانبه‌رانی كوردستان دەیكات، ڕێك ئەنفالكردنە

سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام لە كوردستان باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن به‌غداوه به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، زوڵمه‌ و ناكرێت ده‌وڵه‌تێك تۆ به‌ به‌شێكی خۆی بزانێت، كه‌چی سیاسه‌تی برسیكردنت په‌یڕه‌و بكات.

د. عه‌بدوڵا وه‌یسی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام لە كوردستان، گوتی: ”ماوه‌یه‌كی زۆره‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی مووچه‌ و بودجه‌ كێشه‌ و گرفت له ‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌، هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد دوای په‌سه‌ندكردنی بودجه‌، كه‌ نوێنه‌رانی كورد له ‌په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگیان پێ دا، سیاسه‌تی حكوومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر بە هه‌رێمی كوردستان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سێ مانگه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ به ‌ئاقاری خراپدا ده‌ڕوات و بەغدا سیاسه‌تی برسیكردن و ئه‌زیه‌تدانی خه‌ڵك په‌یڕه‌و ده‌كات! ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام لە كوردستان پێمان وایه،‌ ناكرێت پرسی مووچه‌ و قووتی خه‌ڵك تێكه‌ڵی سیاسەت بكرێت، ده‌كرێت ئه‌و گرفتانه‌ی له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت هه‌ن،‌ به ‌لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام ناكرێت هاووڵاتییانی كورد ببنه‌ قوربانیی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی عێراق، كه‌ ئێستا دژی خه‌ڵكی كوردستان گرتوویه‌تیه‌ به‌ر.“

ڕوونیشی كردەوە: ”ئه‌وه‌ی ده‌كرێت دوو شتمان بیر دێنێته‌وه‌، یه‌كه‌م: سیاسه‌تی حكوومەتە یه‌ك له ‌دوای یەكەكانی عێراق، كه‌ سیاسه‌تی زاڵمانه‌ و دوژمنانه‌ بووە و په‌پڕه‌و كراوه‌، چ له ‌سه‌رده‌می به‌عس و دوای به‌عس، كه‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێكیان هه‌بووه‌ هاووڵاتییانی كوردستانیان ئه‌زیه‌ت داوه. دووه‌م، متمانه‌ له‌نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان به‌ره‌و لاوازیی چووه‌، كه‌ ده‌ره‌نجام هاووڵاتییان زه‌ره‌مه‌ند بوون.“

سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام لە كوردستان جەختی لەوەش كردەوە: “مادام ئێمه‌ به‌پێی ده‌ستوور به‌شێكین له‌ عێراق، ده‌بێت له ‌ئه‌رك و مافیشدا وه‌ك یه‌ك بین، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ئه‌ركه‌كانی‌ جێبه‌جیی كردووه‌ و به‌رامبه‌ر به‌ عێراق هاتووه‌ته‌وه‌ پێشه‌وه‌، بۆ نموونه،‌ رێككه‌وتننامه‌ی راده‌ستكردنی نه‌وت كراوه‌، داهات راده‌ست كراوه‌، چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ كراون و شاندی دانوستانكار چه‌ند جارێك چووه‌ته‌وه‌ به‌غدا بۆ ته‌واوكردنی رێككه‌وتننامه‌كان، به‌ڵام هاووڵاتییانی كوردستان له‌ رووی پراكتیكه‌وه‌ هیچیان له ‌به‌غدا نه‌بینوه. له‌ روانگه‌ی ئایینییه‌وه‌ ئه‌وه‌ زوڵمه‌ و سته‌مكردنه‌ له‌ خه‌ڵكی كوردستان، هیچ زوڵمێك له‌وه‌ گه‌وره‌تر نییه‌، كه‌ به‌ بڕینی قووتی خه‌ڵك و گرتنه‌وه‌ی پاره‌ی خه‌ڵك هاووڵاتییانی خۆت سزا بده‌یت. بۆیه‌ هیوادارین كه‌وا حكوومه‌تی عێراق چیتر هاووڵاتییانی كوردستان ئازار نه‌دات و به‌و سیاسه‌ته‌یدا بچێته‌وه‌ و هه‌وڵ بدات ئێمه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌رك و مافه‌كانمان یه‌كسان بین و مافه‌كانیمان وه‌ربگرینه‌وه‌.“

هاوكات بە پێویستی زانی، حكوومه‌تی عێراق یه‌كسانیی له ‌نێوان فه‌رمانبه‌ران دروست بكات و جیاوازی نه‌كات له ‌نێوان فه‌رمانبه‌ران له ‌ماف و ئه‌ركه‌كانیاندا، ”هاووڵاتییه‌كی باشوور یان ناوه‌ڕاستی عێراق ئێستا مووچه‌ی مانگی 9 وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام هاووڵاتییانی كوردستان تا ئێستا مووچه‌ی مانگی حەفتیان وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌وه‌ زوڵمه‌ و راسته‌وخۆ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستی پێ ده‌كەن، خۆ ئه‌نفال و جینۆساید هەر ئه‌وه‌ نییه‌ هاووڵاتییانی كوردستان به‌ چه‌ك بكوژیت، ئه‌وه‌ی ده‌كرێت رێك ئه‌نفال و جینۆسایده،‌ كه‌ له ‌رێگای برسیكردنی خه‌ڵكه‌وه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی ده‌كرێت پێچه‌وانه‌وه‌ی ده‌قه‌ ئایینی و په‌روه‌رده‌ییه‌كانی ئایینە، كه‌ دژی زوڵم و سته‌مه‌.“