ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی كه‌ركووك و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدڕالی

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م ڕاگه‌یه‌نراوێكی له‌سه‌ر ڕووداوكانی ئه‌م دواییه‌ی شاری كه‌ركووك و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێستای نێوان هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدڕالی بڵاو كرده‌وه‌.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌:-

ئەمڕۆ پێنجشه‌م ڕێككەوتی 7/9/2023، بەسەرپەرشتی سەرۆك مسعود بارزانی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی ئەنجامدرا، دوای دەقیقەیەك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕووداوەكانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی كه‌ لە شاری كەركووك شەهیدبوون، كۆبوونەوە چەند تەوەرێكی خستەبەر و تووێژ و گەنگەشەكردن و، لەسەر چەند بابەتێكی گرنگ و هەنووكەیی هەڵوێستەی كرد.

1- رووداوەكانی كەركووك: دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕێز محه‌مه‌د شیاع سودانی بەگوێرەی مافی دەستووری و ڕێككەوتنی ئیدارەی ئیئتلافی دەوڵەت و كارنامەی كابینە، بڕیاری ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی بارەگاكانی پارتیمانی دەركرد، بەڵام دەسەڵاتدار و كاربەدەستانی كەركووك بۆ جێبەجێنەكردنی ئەم بڕیارە هانی كۆمەڵێك خەڵكی گێرەشێوین و تێكدەریاندا و ئاستەنگیان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە دروست كرد و ڕێگای هاتوچۆی خەڵكیان داخست بێئەوەی بەرپرسانی حكوومەت ڕێگایان لێبگرن، بەڵام كە ژمارەیەك خەڵكی دیكەی كەركووك لە هاووڵاتییانی كورد بەشێوەیەكی ئاشتییانە داوای كردنەوەی ڕێگاكەیان كرد كۆمەڵێك چەكدار لە پەنای دەزگا ئەمنیەكانی كەركووك بەبێ لەبەرچاوگرتنی داوای ڕەوای خەڵكەكە تەقەیان لێكردن و ژمارەیەك لاوی كورد شەهیدبوون و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ چەندین ڕۆژ ئەوانەی خۆیان هانیاندابوون لەو سەر جادە بوون هەتا داوای چۆڵكردنی ڕێگاكەشیان لێنەكردن. نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدەكان و داوای شیفای بە پەلە دەكەین بۆ بریندارەكان.

كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی داوا دەكات لیژنەیەكی بێ لایەن لە نوێنەرانی حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێم بۆ لێكۆڵینەوە لەم بابەتانەی خوارەوە پێك بێت:

دیاریكردنی هۆكاری ئاسته‌نگ دروستكردن بۆ جێبه‌جێنه‌كردنی بڕیاری سه‌رۆك وه‌زیران.

هانده‌رانی ئاڵۆزی و ڕێگه‌گرتن له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاری سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ هه‌ندێكیان په‌رله‌مانتار و به‌شێكیشیان له‌ ئیداره‌ی كه‌ركووك به‌رپرسیارییه‌تیان هه‌یه،‌ دیاریبكرێن و بدرێنه‌ دادگا.

 ئەو كەسانەی فەرمانی تەقەكردنیان دەركردووە كە بووە هۆی شەهیدكردنی ئەو هاووڵاتیانەی بە ئاشتیانە داوای كردنەوەی ڕێگایەكەیان كرد دەستنیشان بكرێن و بدرێنە دادگا.

ئەو كەسانەی تەقەیان كردووە و بوونە هۆی شەهیدبوون و برینداركردنی هاووڵاتییانی بێ چەك، دیاری بكرێن و بدرێنە دادگا.

له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ بڕیاری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و برینداره‌كان بدرێت و، هه‌روه‌ها ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی زه‌ره‌ر و زیانی ماددیان به‌ركه‌وتووه‌.

2- سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدڕاڵ، دوای ئه‌وه‌ی ئیئتلافی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت پێكهات و له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵێك بابه‌تی سیاسی و ئابووری ڕێككه‌وتن كرا، هه‌روه‌ها كه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر كارنامه‌ی كابینه‌ی به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع سوودانی كرا و له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی له‌سه‌ردرا بۆ جێبه‌جێكردن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ماوه‌ی (9) مانگ به‌سه‌ر ئه‌م ڕێككه‌وتن و پێكهێنانی ئه‌م كابینه‌یه‌ تێپه‌ڕیوه‌، خاڵه‌كانی په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ جێبه‌جێنه‌كراون و ڕێگری له‌ جێبه‌جیكردنیان ده‌كرێت، له‌نێو خاڵه‌كانی ئه‌م ڕێككه‌وتنانه‌ش ئه‌م بابه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ جێبه‌جێكراون یان هه‌ر جێبه‌جێنه‌كراون، وه‌كو نموونه‌:

یاسای بودجە، كاتێك كە حكوومەتی فیدراڵی پڕۆژە یاساكەی ئامادەكرد بەرێكەوتن لەگەڵ حكوومەتی هەرێم، پشكی هەرێم دیاری كرابوو، بەڵام لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سەرلەبەری ئەم پڕۆژە یاسایه‌ گۆڕانكاری بەسەردا هات و غەدرێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان كرا، ئێستاش ئەوەی كە لە یاساكەشدا هاتووە جێبەجێناكرێت بەشێوەیەكی گونجاو كە ئه‌مه‌ش غەدرێكی گەورەیە لە مووچەخۆرانی كوردستان بە تایبەتی و خەڵكی كوردستان بەگشتی.

ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی باره‌گاكانی پارتیمان دوای ده‌ركردنی بڕیاره‌كه‌ ڕێگای لێ گیرا و ئاڵۆزییان دروستكرد.

‌ 3- كۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێككه‌وتنه‌كان داوا ده‌كات ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ جێبه‌جێبكرێن:

ئیداره‌دانی حكوومه‌ت و بڕیار وه‌رگرتن، له‌سه‌ر بنه‌مای پڕه‌نسیپی (شه‌راكه‌ت، ته‌وافوق و ته‌وازن) بێت و، ڕۆڵی نوێنه‌ری پێكهاته‌ سیاسییه‌كان بنه‌ڕه‌تی بێت له‌ بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كاندا.

یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی وەك ئه‌وه‌ی لە دەستووردا هاتووە و هەروەها لە بەرنامەی ئیئتلافی  ئیدارەی دەوڵەتدا هاتووە، بخرێتە بواری جێبەجێكردن و یاساكە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەربچێت.

پەلەكردن لە ئامادەكردنی پرۆژە یاسای نەوت و گاز بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنەی بەهاوبەشی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ كراوە بۆ ئامادەكردنی پرۆژە یاساكە و، بۆ كۆتایی هێنان بەكاركردن بە یاسای پێشوو.

بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان جیا بكرێتەوە و وەكو هەموو فەرمانبەرانی عێراق مانگانە مووچەی خۆیان وەربگرن، ئەم بابەتە تێكەڵاو نەكرێت لەگەڵ كێشەكانی دیكە و بە سیاسی نەكرێت.

هەمواركردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی وەكو ئه‌وه‌ی لە دەستووردا هاتووە و، جێبەجێكردنی.

پەلەكردن لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شەنگال وەكو بەرنامەی بۆ دیاری كرابوو بەپێی رێككەوتنی حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێم، هەر وەكو لە بەرنامەی ئیدارەی ئیئتلافی دەوڵەت و كارنامەی كابینەی بەرێز محه‌مه‌د شیاع سوودانیشدا هاتووە.

گه‌ڕانه‌وه‌ی بارەگای پارتیمان و هێزە سیاسییەكانی دیكە لە پارێزگاكانی نەینەوا و كەركووك و دیالە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان بە ئازادی چالاكی سیاسی خۆیان ئەنجام بدەن.

4- عێراق و ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێ لە عێراق قەیران لە دوای قەیران لە سەر یەك كەڵەكەبوون و، لە ڕاستیدا قەیران دەخولقێندرێ بۆ ئەوەی قەیرانێكی دیكەی پێ داپۆشرێ. بۆیە دەتوانین بەڕاشكاوی بڵێین لەم وڵاتەدا چارەسەری قەیران ناكرێ، بەڵكو ئیدارەی قەیران و كێشەكان دەدرێ، بۆیە كوردستانیش لە بارودۆخێكی له‌مشێوه‌یه‌ی‌ عێراق و ناوچەكە بە قۆناغێكی هەستیار و گرنگدا تێدەپەڕێ. لە جیهاندا گۆڕانكاری زۆر و خێرا لە ئارادان  كە مەترسی و نیگەرانی بۆ قەوارەی هەرێم و مافەكانی خەڵكی كوردستان لەناو هەناوی ئەو قەیران و كێشانەی عێراق و گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ناوچەكه‌ و جیهاندا هەیە، ئەم بارودۆخە خەمخۆریی پێویستە بۆ پاراستنی یەك پارچەیی قەوارەی هەرێم و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان كە بە خوێن و خەبات  بەدەست هاتوون، بەرپرسیاریەتی سەرشانی پارتیمان و تەواوی لایەنەكانی دیكەی كوردستان گرانتر دەكات و بارودۆخەكە لێمان دەخوازێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیران و ئاڵنگارییەكان و  چارەسەركردنیان، پێداچوونەوە بە هەنگاو و بەرنامەكاندا بكرێت و بەرپەرچی سیاسەتی دابیننەكردنی مووچە و ئاستەنگ خستنە بەردەم پێشكەوتنی كوردستان بدرێتەوە و دەستوور جێبەجێبكرێت بە مادەی (140) یشەوە.

لە كۆتایدا، جەماوەری تێكۆشەری كوردستان، یەك هەڵوێستی و یەكڕیزی هەموو لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی و خەڵكی كوردستان بەگشتی پێویستە بۆ دەربازبوون لەم قەیران و كێشانەدا بۆ دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ گشت لایەك لە هەموو ڕوویەكەوە.

هەروەها داوا دەكەین خەڵكی بەشەرەفی كەركووك بە هەموو پێكهاتەكانییەوە پشوودرێژ و ئارام بن، ئەم بابەتانە پێویست دەكات لە رێگای یاسا و دادگاكانەوە چارەسەر بكرێن، ئاڵۆزی دروست نەكرێت و ڕێگا نەدەن تێكدەر و ئاژاوەگێڕ بارودۆخی شارەكە بشێوێنن و، پێكەوەژیان پارێزراوبێت و ئاشتی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری لە ئەولەویاتی هەموو كارەكاندا بێت.

مەكتەبی سیاسی