مه‌حموود محه‌ممه‌د: پارتی داوا ده‌كات لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌منی له‌ به‌غداوه‌ بۆ رووداوه‌كانی كه‌ركووك پێكبهێنرێت

گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات پارتی داوا ده‌كات لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌منی له‌ به‌غداوه‌ بۆ رووداوه‌كانی كه‌ركووك پێكبهێنرێت، ده‌شڵێت له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت سه‌باره‌ت به‌ بوودجه‌ و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆ ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 7ـی ئه‌یلوولی 2023) مه‌حموود محه‌ممه‌د، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، به‌ڕێوه‌به‌ردنی عێراق به‌ شێوازێكه‌ شیعه‌، سوننه‌ و كورد پێی رازی نین، به‌تایبه‌ت كه‌ كۆمه‌ڵیك ئاسته‌نگی گه‌وره‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ش په‌یدابوون و دروستبوونی كۆمه‌ڵیك كه‌س، كه‌ خۆیان له‌ سه‌رووی ده‌ستوور، یاسا و رێككه‌وتنه‌كان ده‌بینن و بوونه‌ته‌ بڕیارده‌ر و كۆسپ ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م كاره‌كانی حكومه‌ت.

گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بوونی ئه‌و جۆره‌ كه‌س و عه‌قڵییه‌تانه‌، ده‌بێته‌ هۆی به‌رده‌وامیدان به‌ ناكۆكی و ململانێكان، به‌رده‌وامی ناكۆكی و ململانێكانیش ده‌بێته‌ هۆی دواكه‌وتن و پاشكه‌وتنی عێراق، به‌ پاشكه‌وتنی عێراقیش زیاتر هه‌ژاربوون و نه‌داربوونی عێراقییه‌كانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و سیاسه‌تانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

روونیشیكرده‌وه‌، به‌كارهێنانی عه‌قڵی سیاسی و ئیداری، هۆكاره‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ و ئاسته‌نگانه‌ی ئه‌مڕۆ عێراقی ته‌نیوه‌. جه‌ختیشیكرده‌وه‌، كه‌ ناكرێت عێراق به‌رده‌وام له‌ناو ئه‌و كێشه‌ و ئاسته‌نگانه‌دا بێت.

مه‌حموود محه‌ممه‌د هاوكات باسی له‌وه‌ كرد، گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ كه‌ركووك و وه‌رگرتنه‌وه‌ی باره‌گاكانی له‌و شاره‌، یه‌كێك بووه‌ له‌و رێككه‌وتننانه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت كردوویه‌تی، بۆیه‌ پارتی وه‌ك مافی یاسایی و ده‌ستووری مه‌به‌ستییه‌تی بگه‌ڕێته‌وه‌ شاره‌كه‌. گوتشی، كۆمه‌ڵێك عه‌قڵییه‌تی بارگاوی به‌ بیركردنه‌وه‌ی كۆن، ئاسته‌نگ بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌كه‌ن و بوونه‌ هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و كێشه‌ له‌ كه‌ركووك، تا به‌وه‌ گه‌یشت، رۆڵه‌ی شاره‌كه‌ شه‌هید بكرێت.

گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هێشتا عه‌قڵییه‌تی شۆڤێنی له‌ناو كه‌ركووك هه‌یه‌ و پێویست ده‌كات چاره‌سه‌ری ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ بكرێت و به‌پێی ده‌ستوور ره‌فتار بكرێت و مافی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ له‌ كه‌ركووك و هه‌ر شارێكی دیكه‌ باره‌گای هه‌بێت.

مه‌حموود محه‌ممه‌د به‌ پێویستیشی زانی ئه‌و ئاڵۆزییانه‌ به‌ لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكرێت و رێگه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنیان بگیرێت. گوتیشی، وه‌ك مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی له‌ به‌یاننامه‌ی ئه‌مڕۆیاندا  داوا له‌ هاووڵاتیانی كه‌ركووك ده‌كه‌ن رێگه‌ به‌و كه‌سانه‌ نه‌ده‌ن كه‌ له‌ په‌نای ئه‌وانه‌وه‌ كاری نه‌خوازراو ده‌كه‌ن و داوای بابه‌تی گونجاو ناكه‌ن و مه‌به‌ستییانه‌ پشێوی له‌ شاره‌كه‌ بنێنه‌وه‌ و شه‌قام ئاڵۆز بكه‌ن و زیان به‌ به‌یه‌كه‌وه‌ژیان بگه‌یه‌نن، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ جیددی كاری له‌سه‌ر كردووه‌ و ده‌یكات.

هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی پارتی ده‌خوازێت لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌منی له‌ به‌غداوه‌ بۆ رووداوه‌كانی كه‌ركووك پێكبهێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ ده‌ستنیشان بكات كه‌ هانده‌ری ئه‌و بارودۆخه‌ن و زیانیان به‌ شاره‌كه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی گه‌یاندووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، تا ئێستا واده‌یه‌ك بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ دیاری نه‌كراوه‌.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، رۆژی (شه‌ممه‌ 9ـی ئه‌یلوولی 2023) كۆبوونه‌وه‌ی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت به‌ڕیوه‌ده‌چێت و سه‌باره‌ت به‌ پرسی بوودجه‌ و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆ ده‌كه‌ن.

ئێوارەی رۆژی شەممە، 2ـی ئەیلوولی 2023، کاتژمێر 05:00 ژمارەیەک گەنجی کوردی دانیشتووی کەرکووک لە دژی داخستنی رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکووک لەلایەن هەندێک عەرەب و تورکمانی کەرکووکەوە خۆپیشاندانیان کرد. خۆپیشاندانەکە گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەرە کوردەکان کرد.

لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش بریندارن.

جگە لە شەهیدکردن و بریندارکردنی ژمارەیەک هاووڵاتی کوردی کەرکووک، هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە، چوار رۆژنامەنووس و میدیاکاریان دەستبەسەر کرد و یەکێکی دیکەشیان بریندار کرد.