تا ئێستا دوو سەد و بیست و یەک هەزار و حەفتا و چوار کەس تۆماری دەنگدانی خۆیان نوێکردووەتەوەوادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران درێژکرایەوە

ڕائیب جادر – هەولێر

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان تاوەکو ٢٠ـی ئەیلوول درێژ بکرێتەوە، وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە تا ئێستە دوو سەد و بیست و یەک ھەزار و حەفتا و چوار کەس تۆماری دەنگدانی خۆیان نوێ کردووەتەوە.

ڕۆژی ١٣ـی تەممووزی ٢٠٢٣ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و بڕیاربوو ١٢ـی ئاب تەواو بێت، بەڵام کۆمیسیۆنی عێراق تاوەکو ١٢ـی ئەیلوول درێژی کردەوە، ئێستەش جارێکی دیکە بۆ ٢٠ی ئەیلوول درێژ کرایەوە.
لە ھەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و شەش سەد و چل و یەک ھەزار و پێنج سەد و شەست و شەش دەنگدەر ھەن، لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین دەنگدەر ھەیە و پاش ئەوە پارێزگای ھەولێر و دھۆک دێت، جگە لەوەش سەد و حەفتا و سێ بنکەی تۆمارکردنی دەنگدەران لە سێ پارێزگای ھەرێمی کوردستان ھەن.
دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی ٣-٨-٢٠٢٣، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥-٢-٢٠٢٤ی وەکو ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد، ئەوەش دوای ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، سێ ملیۆن و شەش سەد و چل و یەک ھەزار و پێنج سەد و شەست و شەش ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان دەتوانن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنگ بدەن، تا ئێستە دوو سەد و بیست و یەک ھەزار و حەفتا و چوار کەس تۆماری دەنگدانی خۆیان نوێ کردووەتەوە، بەشێوەیەک لە پارێزگای ھەولێر ھەشتا و ھەشت ھەزار و پێنج سەد و ھەشتا و ھەشت دەنگدەر، لە پارێزگای دھۆک چل ھەزار و دوو سەد و حەفتا و حەفت دەنگدەر و لە پارێزگای سلێمانی ھەشتا و پێنج ھەزار و دوو سەد و ھەشتا و چوار دەنگدەر تۆماری دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە و سی و دوو ھەزار و سێ سەد و سی و شەش کەس لەو کەسانەن کە بۆ یەکەمجارە دەتوانن دەنگ بدەن.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لەبارەی نوێترین پێشھاتەکانی تایبەت بە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، گوتی: ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان تاوەکو ٢٠ـی ئەیلوول درێژبکرێتەوە، ئەوەش لەپێناو ئەوەی زۆرترین کەس تۆمارەکانیان نوێ بکەنەوە و دەرفەتی زیاتر لەبەردەم دەنگدەران ھەبێت.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاشکراشی کرد: بۆ پرۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پشت بە ھەر دوو میکانیزمی ئەلیکترۆنی و دەستیی دەبەستن، ھاوشێوەی ئەوەی لە ھەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢١ پەیڕەو کرا.